
یاریگا –
لە کاتێکدا میدیاکانی ئیسپانیا و فەرەنسا بە توندی رەخنە لە کیلیان ئێمباپێ دەگرن، هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە ڤاڵدێبێباس بە تەنیا مەشق دەکات و یەک ئامانجی هەیە، ئەویش گەیشتنە بە کلاسیکۆ.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی یاریزانان پشوویان هەبوو، ئێمباپێ کە بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی رانی چەپیدا لە یارییەکانی ریال مەدرید دوورکەوتووەتەوە، لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە دەستی بە راهێنانە تاکەکەسییەکان کردووە. ئەمە دووەم رۆژە ئێمباپێ لە رۆژی پشووی یانەکەدا بە تەنیا مەشق دەکات، کە ئەمەش نیشانەی ئیرادەی یاریزانەکەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.
کارگێڕیی یانەکە و ئاربێلوا چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی MRIـی سبەینێ دەکەن. ئەگەر ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بن، کیلیان گەشتی بارسێلۆنا دەکات، بەڵام بڕیاری سەرەکی لەسەر بەشداریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکی یان وەکوو یەدەک، لە دەستی ئاربێلوا دەبێت.
🚨 Mbappé, ajeno a la polémica: entrena en su día libre con vistas al Clásico https://t.co/Zj32cIefGu
— MARCA (@marca) May 5, 2026
لە فەرەنسا و ئیسپانیاش، ئێمباپێ بینی کە چۆن جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر تیشکی سەرنجەکان بەهۆی بابەتێکەوە کە لە دەرەوەی یاریگایە، ئەمجارەیان تەنانەت بۆ گەشتێکی راوێژی پزیشکیش نەبووە وەکوو ئەوەی لە پاریس کردی، بەڵکوو بۆ بەسەربردنی کۆتایی هەفتەیەک بووە لە ئیتاڵیا لەگەڵ خۆشەویستەکەی، بەڵام وادیارە هەم کەسانی دەوروبەری و هەم یاریزانەکە خۆیشی بێئاگان لەم هەموو ژاوەژاوە و سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەی وەرزەکە بە باشترین شێوە لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی پێبهێنن و بەشداریی مۆندیال بکەن. بۆیە، وادیار نییە کە بیانەوێت بڕۆنە ناو ئەو مشتومڕانەوە. یاریزانەکە لەم رۆژانەدا لە ڤاڵدێبێباس بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە، هێمنە و تامەزرۆیە بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگاکان.



