یاریگا –
حەفت رۆژی دیکە ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان رووبەڕوو دەبنەوە و کێشەکانی نێوانیان تا دێت زیاتر تەشەنە دەکات.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 11ـی سێپتێمبەر/ئەیلوول کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ریال مەدرید و یانەی پاریس سانجێرمان رووبەڕوو دەبنەوە، لێژنەی یاسایی کۆمەڵەی یانە پیشەگەرەکانی فەڕەنسا گوتەی هەردووکیان وەردەگرێت.
ئێمباپێ یانە فەڕەنسییەکە بەوە تۆمەتبار دەکات، 55 ملیۆن یۆرۆ مووچەی سێ مانگ و پاداشتە داراییەکانی نەداوە و داوای ئەو 55 ملیۆن یۆرۆیە دەکات، کە تاوەکو رۆژی 30ـی یۆنیۆ گرێبەستی لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە هەبوو، دواتر بە گرێبەستێکی ئازاد رووی لە ریزەکانی ریال مەدرید کرد.
دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پێشووی یانەکە تێکچوو، یانە فەڕەنسییەکە پێدانی مووچەی ئەو یاریزانەی راگرت، پاریسییەکان دەڵێن لە مانگی ئۆگەست/ئابی 2023 کیلیان بە زارەکی رەزامەندیی داوە لە پاداشتی هاوسۆزی خۆی خۆش بێت کە 80 ملیۆن یۆرۆ بوو.
ئێمباپێ هاوینی 2022 نزیکبوو بچێتە ریزەکانی ریال مەدرید بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێکردەوە و ئەم هاوینە بێبەرامبەر ریزەکانی یانە فەڕەنسییەکەی بەجێهێشت.
پێشتر رۆژنامەی لیکیپ رایگەیاندبوو، ئەگەر ئێمباپێ سکاڵایەکەی بباتەوە و پاریس سانجێرمان نەتوانێت کیلیان رازی بکات، ئەوا لەوانەیە مۆڵەتی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ پێنەدرێت.