پریڤیوی یاریی عێراق VS ئۆکراینا لە ئۆڵێمپیادی پاریس؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت
یاریگا –
ئەمشەو هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق لە یەکەم یاریی خۆی لە ئۆڵێمپیادی پاریس رووبەڕووی ئۆڵێمپی ئۆکراینا دەبێتەوە، لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئۆڵێمپیادی پاریس کاتژمێر 08:00 لە یاریگای گروپاما لە شاری لیۆن بەیەک دەگەن، کە پێشتر ئەرجەنتین و مەغریبیش لەو کۆمەڵەیە یەکەم یارییان دەکەن.
عەلی جاسم و سەعد ناتق ٪100 بۆ یارییەکە ئامادە نین
عەلی جاسم و سەعد ناتق بەهۆی پێکانەوە تەواو ئامادە نین و پێشتر لە کەمپی هەڵبژاردەکەیان لە مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەیان دابڕابوون.
عەلی فارق، پزیشکی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق لەبارەی پێکانەکەی عەلی جاسم گوتی :’علی جاسم ٪90 بۆ یارییەکەی ئۆکراینا ئامادەیە، بەڵام بڕیاری یاریکردنی لە دەستی رازی شنەیشل دایە، بڕوام وایە لە توانایدا هەیە گێمێک یان زیاتر یاریی بکات’.
هەروەها پزیشکەکەی عێراق گوتیشی :’ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد سەعد ناتق بۆ یارییەکەی ئۆکراینا ئامادە بێت، بەڵام خێرایی چاکبوونەوەی بۆ ئێمە زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، ئەو ئێستا ئامادەیە و ئەویش ٪90 بۆ یارییەکە بەردەست دەبێت، تەواوی یاریزانەکانی دیکەی هەڵبژاردەکەمان ئامادەن و بۆ یارییەکە بەردەستن.
پێویستە چی لەبارەی یارییەکە بزانیت؟
- هەڵبژاردەی عێراق هەرگیز لە یاریی دەستپێکی لە ئۆڵێمپیاد نەدۆڕاوە، لەکۆی پێنج یاری شێرەکانی رافیدەین لە مێژووی ئۆڵێمپیاد لە یاریی کردنەوە دوو بردنەوە (کۆستاریکا 1980، پۆرتوگاڵ 2004) و سێ یەکسانبوونی (کەنەدا 1984، زامبیا 1988، دانیمارک 2016) بەدەستهێناوە.
- دوو یاریزانی کورد لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس دەکەن، پێشبینی دەکرێت یوسف ئەمین لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، بەڵام بڵند ئازاد لەسەر کورسی یەدەک دەبێت.
- عەقیل موفتن سەرۆکی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق دوێنێ لە فەڕەنسا سەردانی کەمپی هەڵبژاردەکەی کرد و رایگەیاند، بەڵێنیان بە یاریزانەکان داوە دوای بردنەوەی هەر یارییەک پاداشتێکی گەورەیان بکات.
- پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە بەهۆی ڤیدیۆیەکی لەگەڵ ڤلۆگەرێکی مەسیحی، ئیبراهیم بایش لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق دوورخرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی داوای لێبوردنی کرد پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی بکات.
- بەهۆی ئەوەی درەنگ بانگهێشتنامەکەی پێگەیشت، بەهۆی رازی نەبوونی یانەی ئوترێختی هۆڵەندی رەتیکردەوە رازی بێت ئەو یاریزانە عێراقییە بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکات.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئۆڵێمپی عێراق
گۆڵپارێز: حوسێن حەسەن
بەرگری: حوسێن عەلی، حوسێن عامر، زەید تەحسین، یوسف ئیمام، ئەحمەد مەکەنزی.
ناوەڕاست: کەرار محەمەد، مونتەزر محەمەد، ئیبراهیم بایش، یوسف ئەمین
هێرشبەر: ئەیمەن حوسێن