ئه‌مریکائینگلتەراگرنگترین

سەرۆکی ئەرجەنتین پاڵپشتی لە هەڵسوکەوتی ‘رەگەزپەرستی’ ئێنزۆ دەکات

کاردانەوەکانی ڵایڤەکەی ئێنزۆ لە ئینستاگرام بەردەوامن

Yariga App

یاریگا –

دروشمە رەگەزپەرستییەکانی ئێنزۆ فێرناندێز و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، سەرنجی سیاسییەکانی راکێشاوە، بە تایبەت دوای کاردانەوەی چێڵسی و فیفا.

لە دوای بردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمێریکا، ئێنزۆ ڵایڤێکی لە پلاتفۆڕمی ئینستاگرام کردەوە و لەگەڵ هاوتیمەکانی گۆرانیان دەگووتەوە کە چەندین دروشمی رەگەزپەرستی و جیاکاری تێدابوو. ئامانج لە دروشمەکانی یاریزانانی ئەرجەنتین، یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بوو.

خاڤیێر میلێی، سەرۆکی ئەرجەنتین لەبارەی رووداوەکە روونیکردووەتەوە

گۆرانییەکە راستییەکان باس دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیکتۆریا ڤیاڕوێل، جێگری سەرۆکی ئەرجەنتین هێرشێکی توندی کردە سەر رەخنەگران و بەرگری لە یاریزانانی تانگۆ کرد

هیچ دەوڵەتێکی داگیرکار (کۆڵۆنیاڵ) بەهۆی گۆرانییەکی تۆپی پێی یاخود باسکردنی راستییەکان نامانترسێنێت، ئەمانە راستین و ئەوان نایانەوێت دانی پێدابنێن. واز لە نمایشکردن بهێنن، دووڕووەکان! ئەنزۆ من لەگەڵ تۆم.

تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونی بۆ گۆرانییەکە کرد و بەجۆرێک لە جۆرەکان ‘رەگەزپەرستی’ تێدا بەدیدەکرێت

گوێ بگرن، ئەم قسانە لە فەڕەنسا بڵاوبکەنەوە. ئەم یاریزانانە لە فەڕەنسا یاری دەکەن، بەڵام هەمووی خەڵکی ئانگۆلان (وڵاتێکی ئەفریقییە)، زۆرباش رادەکەن، حەز دەکەن لەگەڵ خەڵکی (ترانسجێندەر – رەگەزگۆڕەکان) بخەون. دایکی یاریزانەکان نایجێرین و باوکیان کامێرۆنی، بەڵام لەسەر پاسپۆرت دەڵێن ئێمە فەڕەنسین.

دوێنێ چوارشەممە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات.

فیفا ئاگاداری بڵابوونەوەی ڤیدیۆکانە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا. بە توندی سەرکۆنەی جیاکردنەوەی رەگەزی دەکەین، جا رەفتارەکە لەلایەن یاریزان، هاندەران یاخود بەرپرسانەوە بێت.

ئامانج لە دروشمەکانی یاریزانانی ئەرجەنتین، یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بوو، هەرزوو یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی کرد. فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی یەکێتییەکە داوای لە فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین کرد، رێکاری پێویست دژی دروشمە رەگەزپەرستییەکان بگرنەبەر.

لەلایەکی دیکەوە، چێڵسی بەیاننامەیەکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە، بە هەموو شێوەیەک رەگەزپەرستی رەتدەکەنەوە

چێڵسی تەواوی شێواز و فۆڕمەکانی جیاکاری رەگەزی رەتدەکاتەوە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. شانازی بە یانەکەمان دەکەین، چونکە یانەیەکی گشتگیر و تێکەڵە، ئەندامان لە هەموو کولتوور و کۆمەڵگەیەک و ناسنامەیەک، هەست بە ئارامی و پێشوازی دەکەن. رێز لە داوای لێبووردنی گشتی یاریزانەکە دەکەین و ئەمەش دەکەینە دەرفەتێک بۆ پەروەردەکردنی زیاتر. یانەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ، رێکاری تەمبێکاری گرتووەتەبەر.

دوا بە دوای کاردانەوە توندەکان، ئێنزۆ فێرناندێز لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا داوای لێبووردنی کرد

دەمەوێت لەدڵەوە داوای لێبووردن لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە بکەم. گۆرانییەکە بە زمانێکی توند نووسراوەتەوە و هیچ بیانووێک بۆ ئەم وشانە نین. بە هەموو جۆرێک دژی رەگەزپەرستی دەوەستم و داوای لێبووردن دەکەم، چونکە کەوتبوومە نێو قووڵایی ئاهەنگەکانی بردنەوەی کۆپا ئەمێریکا. ڤیدیۆ و وشەکان، بەهیچ شێوەیەک ئاوێنەی بیرکردنەوە و کەسایەتی من نین. زۆر داوای لێبووردن دەکەم.

ستۆری ئینستاگرامی ئێنزۆ فێرناندێز

فێرناندێز گرانترین یاریزانە لە مێژوویی پرێمەرلیگ و لە دوای مۆندیالی 2022 لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button