راپۆرتی تایبەتگرنگترینیۆرۆی 2024

راداری یاریگا؛ دیارترین ئەستێرەکانی یۆرۆی 2024

بۆ هیچ شوێنێک مەگەڕێ، لەم بابەتە پڕزانیاری و ئامارەی تۆڕی وەرزشی یاریگا، شێوازی یاریکردنی ئەستێرەکان بزانە

Yariga App

یاریگا –

تەنیا چوار رۆژ بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانیەتی یۆرۆی 2024 ماوە. هاندەران چاوەڕێی درەوشانەوەی دەیان ئەستێرە دەکەن.

لە راداری تۆڕی وەرزشی یاریگادا، تیشک دەخەینە سەر چەند ئەستێرەیەک، کە پێشبینی گەورەیان لێدەکرێت و هەڵبژاردەکانیان چاوییان لە جووڵەکانیانە.

بە سوود وەرگرتن لە داتاکانی تۆڕی ئاتلێتیک، دیارترین ئەستێرەکانی بەشدار لە یۆرۆ بە گوێرەی کۆمەڵەکانیان دەستنیشان دەکەین.

لەم بابەتەدا، داتاکان لە سەرچاوەی جیاواز کۆکراونەتەوە و دیارترین ئەستێرە و رۆڵییان لە سەرخستنی یانەکانی لە چەند وەرزی رابردوو بە گرافیک خراونەتەڕوو.

بەشێکی زۆری ئەستێرەکانی یۆرۆ، ناویان لە مێرکاتۆی گواستنەوەی یاریزانان دەهێندرێت، لەوانە بێنیامین شێشکۆ، خواو نێڤێس، نیکۆ ویڵیامس، جەمال موسیالا و چەندانی دیکە.

فلۆریان فیرتز

فیرتز بە باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو بۆندسلیگا دەستنیشانکرا.

فلۆریان رۆڵێکی باڵای لە پێکهاتەی چابی ئاڵۆنسۆدا هەبوو و پێشبینی دەکرێت، ببێتە باشترین یاریزانی وڵاتەکەی، چونکە هەموو بنچینەکانی پاڵەوانبوونی تێدایە.

هەرچەندە تەمەنی 21 ساڵە، بەڵام بە ماوەیەکی کەم خۆی سەلماندووە. فیرتز بەرهەمی ئەکادیمیای کۆڵنە. لە تەمەنی 17 ساڵییەوە پەیوەندی بە لیڤەرکوزن کرد، هەرچەندە هەردوو یانەکە رێککەوتنی نووسراویان هەیە، کە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی یەکتر نەکەن.

رۆڵی فیرتز لە دروستکردنی دەرفەتی گۆڵ لەگەڵ لیڤەرکوزن

جەمال موسیالا

هەمووان هاوڕان لەسەر ئاست بەرزی موسیالا. ئەستێرە ئەڵمانییەکە شوێنپێی خۆی لە بایرن میونشن تۆکمەکردووە و بە یەکێک لە یاریزانە نەگۆڕەکانی راهێنەرە یەک لە دوای یەکەکانی ئێف سی هۆڵیوود دادەندرێت.

موسیالا لە وەرزی 2022/2023 لە دوا ساتەکاندا گۆڵێکی سەرنجڕاکێشیکرد و میونشنی کردە پاڵەوانی بۆندسلیگا.

تەواوی بڕینە سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووەکانی موسیالا – چامپیۆنزلیگی 2023-24

تۆنی کروس

کروس وازی لە یاریکردنی یانەکان هێنا و ئێستا سەرنجی تەواوی لەسەر یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا داناوە.

گەڕانەوەی کروس بۆ پێکهاتەی ئەڵمانیا لەخۆڕانییە، چونکە کروس دەتوانێت ببێتە چەقی تیمەکە و یارمەتییەکی زۆری جولیان ناگلیسمان بدات. کروس لەو جۆرە یاریزانانەیە متمانە بۆ تیمەکەی دروستدەکات و رۆڵی باڵا لە هێرشەکان دەگێڕێت.

کروس دڵی دروستکردنی هێرشەکانی ریال مەدریدە

دۆمینیک سۆبۆسلای

کاپتنی هەڵبژاردەی هەنگاریا خاوەن کەسایەتییەکی مۆدێرنی وەرزشییە، سەرەڕای ئەوەی یەکەم وەرزیبوو لەگەڵ لیڤەرپوول، بەڵام هەرزوو بە ئەفسانەی وەک ستیڤن جێرارد بەراورد کرا.

سۆبۆ خاوەنی وزە، پیشەیی، کۆنتڕۆڵی تۆپ و دروستکردنی هێرشە. دەتوانێت هاوشێوەی بووتڵێکی ئۆکسجین، هەوا بەسەر تیمەکەی دابەش بکات.

بەشدارییەکانی سۆبۆسلای لە هێرشەکانی لیڤەرپوول
پرێمەرلیگ 2023/24

گرانیت شاکا

کاتێک شاکا لە ساڵی 2016 گرێبەستی لەگەڵ ئارسیناڵ واژۆ کرد، وەک یاریسازێک دەرکەوت، چونکە خاوەنی پاسی تیژی دوور و نزیک مەودا بوو.

ئەستێرە سویسرییەکە رۆڵی لە گۆڕینی یاری و کۆنتڕۆڵکردنی یاری هەیە. بە ستایڵێکی تایبەتەوە سەرکردایەتی دروستکردنی هێرشەکان دەکات، لە ساتی سەختدا لەپڕ بە پێی چەپەی شووت دەکات، ئەمەش فرەیی شێوازی یاریکردنەکەی پیشاندەدات.

رێژەی پاسەکانی شاکا لە وەرزی 2017-18 تاوەکو ئێستا

لوکا مۆدریچ

رەنگە ئەمە دوا پاڵەوانیەتی گەورەی نێودەوڵەتی بێت بۆ مۆدریچ. کاپتنە ناوازەکەی کڕواتیا لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی داهاتوو دەبێتە 39 ساڵ، بەڵام سەرباری ئەمەش ئاستی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات.

خاوەنی باڵۆن دۆری 2018 لە کۆتایی وەرزی رابردوودا 26مین نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەرزکردەوە. سیڤییەکەی بەسە تاوەکو گەورەیی لوکا پشتڕاست بکاتەوە.

لە وەرزی رابردوودا، مۆدریچ زۆربەی یارییەکان وەک یاریزانی یەدەک بەشداری یارییەکانی دەکرد، بەڵام سەرباری ئەمەش رۆڵی باڵای لە یارییەکانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن گێڕا.

سۆنەری پاسەکان لە وەرزی 2020-21 تاوەکو
ئێستا

نیکۆلۆ بارێلا

سێ ساڵ بەر لە ئێستا، کاتێک ئیتاڵیا بووە پاڵەوانی یۆرۆ، نیکۆلا بارێلا رۆڵێکی باڵای لە هێڵی ناوەڕاستدا گێڕا. بەتایبەت لە قووڵایی تیمی بەرامبەر. لەگەڵ جۆرجینیۆ و مارکۆ ڤێراتی، توانیان تیمەکانی بەرامبەر لە هێڵی ناوەڕاستدا هەناسەبڕ بکەن.

جیاوازی نێوان جووڵەکانی بارێلا لە چوار وەرزەدا

ئالێساندرۆ باستۆنی

ئیتاڵیا بەردەوام بە بەرهەمهێنانی بەرگریکاری ئاست بەرز بەناوبانگە. لە یۆرۆی رابردوودا دوو بەرگریکارەکان دوو گۆڵیان لە لێدانی یەکلاییکەرەوە کرد و بەسەر ئینگلتەرا سەرکەوتن.

پێشتر جۆرجیۆ کیلینی و لیۆناردۆ بۆنوچی بوون، بەڵام ئێستا سەردەمی باستۆنییە و هاوڕێکانیەتی. باستۆنی جیا لە بەرگریکردن، رۆڵێکی باشی لە دروستکردنی هێرشەکاندا هەیە.

دەستپێکی دەرچوونەکانی باستۆنی لەگەڵ ئینتەر میلان

لامین یامال

لویس دێ لا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەگەڵ دەرکەوتنی یامال، دەستبەجێ بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد، ئەمەش لە ترسی هەوڵەکانی مەغریب بۆ پەلکێشکردنی.

یامال لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوودا، یەکەم یاری فەرمی لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ لە بەرامبەر هەڵبژاردەی جۆرجیا کرد. یامال بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی ئیسپانیا گۆڵ بکات، ئەوکاتە تەمەنی تەنیا 16 ساڵ و 57 رۆژ بوو.

بەرکەوتنەکانی تۆپ لە وەرزی 2023/24 – لالیگا

ئەلێکس گریماڵدۆ

ئەو حەوت ساڵ و نیوەی گریماڵدۆ لە بێنفیکا بەسەریبرد، بەقەد وەرزی رابردووی لە بایەر لیڤەرکوزن سەرکەوتوو نەبوو، بە تایبەت لەسەر ئاستی کەسی.

گریماڵدۆ لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن، ژمارەی داتاکانی دوو ئەوەندە لێکردووە، لەڕووی ئەسیست و بەشداریکردنی لە دروستکردنی دەرفەتی گۆڵکردن. ئاڵۆنسۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە گریماڵدۆدا کردووە.

ئەسیست و ئەسیستی پێشبینیکراوی گریماڵدۆ لە خولی پۆرتوگالی و بۆندسلیگا – لەوەتەی 2018/19

راسموس هۆیلوند

وەرزی یەکەمی هۆیلوند لەگەڵ مانچێستەر یونایتد زۆر ناجێگیربوو، بەڵام ئەمە لە گەورەیی یاریزانە دانیمارکییەکە کەمناکاتەوە.

هۆیلوند بە 71 ملیۆن پاوەند لە ئاتاڵانتاوە پەیوەندی بە مان یونایتد کرد. هۆیلوند پێویستی بە 14 یاری بوو، تاوەکو یەکەم گۆڵ لە پرێمەرلیگ بکات، ئەوکاتە گۆڵەکەی لە ئاستۆن ڤیلا کرد.

دەکرێ بڵێین راسموس وەرزێکی قورسی بەڕێکرد، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، چاوەڕوانی گەورەی لە یۆرۆ لێدەکرێت.

تەواوی شوتەکان بەبێ لێدانەکانی سزا – پرێمەرلیگ 2023/24

جود بێڵینگهام

بێڵی گۆۆۆڵ بێڵییی گۆۆۆۆڵ بێڵینگهاااااام… کێ ئەم دەستەواژەی لە مێشکدا نەچەقیوە؟

ئێستا ئەستێرە لاوەکەی ئینگلتەرا بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دادەندرێت. بێڵینگهام تەنیا 41 یاری لە بەریتانیا کردووە، ئەوکاتەش یاریزانی بیرمینگهام سیتی بوو. بەڵام لە بۆڕووسیا دۆرتموند، خۆی وەک ئەستێرەیەکی کوالێتی جیهانی ناساند و ئێستاش لەگەڵ ریال مەدرید، بەگوێرەی ئاماژەکان بەربژێری بردنەوەی باڵۆن دۆر دەبێت.

تەواوی شووتەکانی بێڵینگهام لە دۆرتموند و ریال مەدرید

فیڵ فۆدن

هەرچەندە فۆدن لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە باڵی چەپی هێرشبردن یاری دەکات، بەڵام گارێس ساوسگەیت، دەیەوێت لە باڵی چەپی هێڵی ناوەڕاست یاری بپێبکات، ئەمەش ناڕەزایی هەوادارانی لێکەوتووەتەوە.

گواردیۆلا رۆڵێکی باڵای لە پێشخستنی ئاستی فۆدن گێڕاوە، بەتایبەتی لەڕووی بەرگرییەوە، چونکە هەمووان لەسەر لاوازی شێوازی بەرگریکردنی فۆدن هاوڕا بوون، بەڵام لە وەرزی رابردوودا، هاوکێشەکان گۆڕان.

وەرگرتنی تۆپ لە مانچێستەر سیتی – پرێمەرلیگ 2020-2021

یان ئۆبڵاک

لە 10 ساڵی رابردوودا، ئۆبڵاک بە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزانی ئەوروپا دادەندرێت، لە یۆرۆی داهاتووش، ئەستێرە سلۆڤینییەکە دەتوانێت زیاتر تواناکانی بسەلمێنێت.

لە ساڵی 2014 لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد، توانی بە خێرایی ناوێکی گەورە بۆ خۆی لە نێو گەورەکانی ئەوروپا دروستبکات. شەش نازناوی لەگەڵ ئاتلێتی بردووەتەوە، لەوانە یۆرۆپالیگ و لالیگا، هەروەها پێنج جار خەڵاتی ‘زامۆرا’ی وەک باشترین گۆڵپارێزی لالیگا بەدەستهێناوە.

رێژەی گەڕاندنەوەی گۆڵی راستەقینە

بێنیامین شێشکۆ

شێشکۆ نەریتێکی سەیری هەیە، دەبێ رۆژانە بەلانی کەمەوە پێنج جار ددانەکانی بشوات. شێشکۆ لە لە شارێکی بچووکی سلۆڤینیا لەدایکبووە، شارەکەی بە ناوی رادێسییە. بە پیشەسازی پەڕ (وەرەقە) بەناوبانگە.

هەرچەندە لە سەرەتای کاروانی وەرزشیدا، زۆربەی راهێنەرانی ناوچەکەی، پێیان وابوو شێشکۆ دەبێتە گۆڵپارێز، چونکە توانایەکی گەورەی خۆ هەڵدانی هەبوو. بەڵام شێشکۆ گۆڵپارێزی بەلاوە گرنگ نەبوو، بۆیە شوێنەکەی گۆڕی و ئێستا یەکێکە لە دیارترینەکانی ئەوروپا.

تەواوی شووتەکان بەبێ لێدانی سزا – بۆندسلیگا 2023-2024

مارکۆ ئارناتۆڤیچ

ئارناتۆڤیچ تەنیا دوو نازناوی لە مێژووی خۆیدا بردووەتەوە، یەکێکیان لەگەڵ ئینتەر میلان و بردنەوەی سێریا ئەی، دووەمیشیان هەر نازناوی سێریا ئەی بوو، بەڵام لە وەرزی 2023-24.

باشە لەو 13 ساڵەی نێوان دوو بردنەوەکە، ئارناتۆڤیچ خەریکی چیبوو؟

مارکۆ سێ وەرز لە فێردێر برێمن یاریکرد و دواتر سێ ساڵ و نیو لەگەڵ ستۆک سیتی بوو، پاشان پەیوەندی بە وێستهام یونایتد کرد. کەچی لە هەمووی دەستبەتاڵ دەرچوو و بەناچاری گەڕایەوە ئینتەر میلان.

گۆڵی یاریزانانی هەڵبژاردەی نەمسا

کیلیان ئێمباپێ

هەموو چاوەکان لەسەر سوپەر کیلیانن، بە تایبەت دوای گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید.

یاریزانی تەمەن 25 ساڵان لە دوای یۆرۆ پەیوەندی بە مەدرید دەکات. بەڵام پێشتر دەبێ ئەرکی نیشتمانی جێبەجێ بکات و هەوڵی گەڕاندنەوەی نازناوەکە بۆ پاریس بدات. خۆی کاپتنی فەرەنسایە و هەر خۆیشی سەرکردایەتییان دەکات.

ئێمباپێ خاوەن ریکۆردی زۆرترین گۆڵە لە دوو یاری کۆتایی بە دوای یەکی مۆندیالدا. لە دوای پێلێ و جیۆف هورست، سێیەم یاریزانە هاتریک لە یاری کۆتایی مۆندیالدا بکات.

تەواوی شووتەکانی کیلیان لە لیگ وەن – لە وەرزی 2020-2021وە

چاڤی سیمۆنس

سیمۆنس زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە، ئێستا یەکێکە لە داواکراوترینەکانی یانە گەورەکانی ئەوروپا.

چاڤی یاریزانی ژێر 13 ساڵانی بارسێلۆنا بوو، بەشداری چەند یارییەکیشی کردووە، ئێستاش یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی یۆرۆی 2024.

لە دوو وەرزی رابردوودا، 31 گۆڵ و 27 ئەسیست لەگەڵ یانەکانی ئایندهۆڤن و لایپزیگ کردووە. ژمارەکان زۆرن و گەورەیی سیمۆنس پشتڕاست دەکەنەوە.

باشترین ئەسیستکاران – بۆندسلیگا 2023-2024

ئانتوان گریزمان

گریزۆ بەرەو شەشەمین بەشداری لە پاڵەوانیەتی گەورە بۆ یانە و هەڵبژاردەکەی دەچێت.

لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی رابردوودا، گریزمان بووە گۆڵکاری مێژوویی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ژمارەی پێوانەیی لویس ئاراگۆنێسی شکاند.

گریزمان لە وەرزی رابردوودا 24 گۆڵی لەسەر ئاستی تەواوی پاڵەوانیەتییەکان کرد. بە یەکێک لە باشترینەکانی مێژووی یانەکەی دادەندرێت.

یاری کراوەی گریزمان – لالیگا 2023-2024

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی

لیڤا کاری سەرەکی گۆڵکردنە، بەڵام چیدیکە هەیە باسی بکەین؟

رۆبێرت یەکێکە لەو یاریزانانەی بە هەردوو پێ گۆڵ دەکات، هەرچەندە تەمەنی گەیشتووەتە 35، بەڵام ئێستاش هەستی گۆڵکردنی بەرزە و دەتوانێت کاریگەری لە هێڵی پێشەوە دروست بکات.

لیڤاندۆڤسکی بە سەر، لێدانی راستەوخۆ، پێناڵتی و راکردن دەتوانێت گۆڵ بکات. بۆیە بە ئەستێرەی یەکەمی تیمەکەی دادەندرێت.

گۆڵەکان بەبێ لێدانی سزا لە 90 خولەکدا – لە وەرزی 2017-18

کێڤن دی بڕۆین

کە ناوی دی بڕۆین دەبینین، نازانین چیدیکە بڵێین؟

تەنیا دەتوانین ئەوە بڵێین، دی بڕۆین داگیرکاری یەکەمی هێڵی ناوەڕاستە و زۆر مەترسیدارە. لە وەرزی رابردوودا شەش گۆڵ و 17 ئەسیستی بۆ مانچێستەر سیتی هەبوو. سەرەڕای دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی پێکانەوە.

دروستکردنی دەرفەت لە مانچێستەر سیتی – پرێمەرلیگ

ئارتیم دۆڤبیک

بە درێژایی وەرزی رابردووی لالیگا، ناوێک زۆر لەگەڵ جیڕۆنا درەوشایەوە و بە پیاوی دوا بەرکەوتن ناسرا، ئەویش دۆڤبیکی یۆکرایناییە.

زۆربەی گۆڵەکانی دۆڤیک بۆ لای چەپی گۆڵپارێزان بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، توانای وەستاندنی دۆڤبیکییان نەبوو، تەنانەت لە دوا یاری وەرزدا، هاتریکی بۆ جیڕۆنا کرد و لە دوای 16 ساڵ، بووە یەکەم یاریزانی دوور لە ریال مەدرید، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید خەڵاتی گۆڵکار بەدەستبهێنێت.

تەواوی بەرکەوتنەکان لە ناوچەی سزای تیمی بەرامبەر – 2023-24

خڤیچا کڤاراتسخێلیا

لە جیهانی وەرزشیدا، جۆرجیا بە رەگبی، زۆرانبازی و جودۆ بەناوبانگە. لەسەر ئاستی تۆپی پێ زۆر بەناوبانگ نین، دەتوانین بلێین کاخا کالادزە، بەرگریکاری پێشووی میلان دیارترین یاریزانی تۆپی پێی جۆرجیا بوو.

ئەمە یەکەمجارە جۆرجیا لە دوای سەربەخۆبوونی بەشداری پاڵەوانیەتییەکی گەورە دەکات، خڤیچا کڤاراتسخێلیاش دیارترین ئەستێرەی جۆرجیایە.

یاریزانی ناپۆلی لە وەرزی رابردوودا 12 گۆڵ و 13 ئەسیستی هەبوو. یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی سێریا ئەی و بە کڤارادۆنا بەناوبانگە.

دروستکردنی دەرفەتی شوت لە ناپۆلی – 2023-24

کریستیانۆ رۆناڵدۆ

هیچ شتێک نییە لەسەر ئەفسانەی پۆرتوگال بنووسرێت، جگە لەوەی لە وەرزی رابردوودا 44 گۆڵ، 13 ئەسیستی لە 45 یاریدا بۆ نەسڕ کرد و تەمەنی 39 ساڵە. هەر ئەوەندە.

رۆناڵدۆ گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکانە

هاکان چاڵهانئۆغڵو

ڤیچێنزۆ مۆنتێلا، راهێنەری هەڵبژاردەی تورکیا لەبارەی هاکان دەڵێت؛ ئێستا هاکان باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە لە ئیتاڵیا، بەڵکو لە جیهان رەنگە یەکەم بێت.

دابەشکردنی پاس لە چامپیۆنزلیگ – 2022-23

بابەتی زیاتر

Back to top button