هاوڕێیەکی پێشووی: ئێمباپێ لە ریال مەدرید کێشە بۆ ئانچێلۆتی دروست دەکات
یاریگا –
هاوڕێیەکی پێشووی پێشبینی دەکات بەهۆی گواستنەوەی ئێمباپێ کێشە بۆ ئانچێلۆتی دروست بێت و لە دانانی پێکهاتەی ریال مەدرید تووشی سەرئێشە بێت.
رادمێل فلکاو هێرشبەری کۆڵۆمبی پێشووی یانەی مۆناکۆی فڕەنسی کە لە یانە فڕەنسییەکە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بەیەکەوە یارییان دەکرد، لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی دەڵێت :’هەمووان توانای ئێمباپێ دەزانین، بەڵام ئێمباپێ بە چوونی بۆ ریال مەدرید کێشە بۆ ئانچێلۆتی دروست دەکات، راهێنەر نازانێت لەکوێی یاریی پێبکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی پێکهاتەکەی لەدەست نەدات’.
فالکاو بڕوای وایە ئێمباپێ لە ریال مەدرید سەرکەوتوو دەبێت و دەڵێت :’بەدڵنیاییەوە ئێمباپێ لە ریال مەدرید سەرکەوتوو دەبێت، چونکە هەموو شتێکی هەیە بۆ ئەوەی خەونەکەی بهێنێتە دی، بە چوونی بۆ ریال مەدرید لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر نزیک دەبێتەوە’.
هێرشبەرە کۆلۆمبییەکە دەشڵێت :’کاتێک لە مۆناکۆ بەیەکەوە یاریمان دەکرد ئێمباپێ تەمەنی بچووک بوو، بەڵام ئەوکات کاریگەری لەسەر تیپەکە زۆر بوو، لەناو یاریگا لەکاتی گونجاو بڕیاری گونجاوی دەدا و منی بەو شتە سەرسام کردبوو، بڕوام وایە بەرگریکارەکانی لالیگا بەهۆی چوونی ئێمباپێ بۆ خولەکەیان تووشی کێشە دەبن’.
ئێمباپێ بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ریزی یانەی مۆناکۆ یاریی کردووە و ساڵی 2017 چووە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، لە دوایین وەرزی یاریکردنی لە مۆناکۆ بەیەکەوە لەگەڵ فالکاو 28 یارییان کرد و 19 بردنەوەیان بەدەستهێنا.