سعودیەگرنگترین

کریستیانۆ رۆناڵدۆ: دەمەوێت هەمیشە کریستیانۆیەکەی ئێستا بم

دەڵێت: ئەم وەرزەم لە خولی سعوودی یەکێک بوو لە باشترین وەرزەکانی کاروانی وەرزشیم

یاریگا –

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری خولی رۆشنی سعوودی دەڵێت :’ئەم وەرزەم لە خولی سعوودی یەکێک بوو لە باشترین وەرزەکانی کاروانی وەرزشیم’.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی نەسڕی سعوودی کە ئەم وەرزە لە خولی رۆشنی سعوودی ریکۆردی شکاند و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولەکە لە وەرزێکدا لە 31 یاری 35 گۆڵ بکات، دەڵێت :’من هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم، لەوانەیە بە بۆچوونی خۆم ئەم وەرزەم لە خولی رۆشنی سعوودییەکێک لە باشترین وەرزەکانی کاروانی وەرزشیم بوو بێت لە رووی گۆڵکردن و ئەسیستەوە’.

دۆن لە دیمانەکەی لەگەڵ کەناڵی فەرمی خولی رۆشنی سعوودی دەشڵێت :’پێویستە راستگۆبم لەگەڵتان، من لە سەرەتای وەرزەوە چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد و بیرم لەوە نەدەکردەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆم دەرکەوت دەکرێت رووبدات، زۆر سوپاسی هاوڕێیەکانم دەکەم چونکە بەبێ تیپەکەمان نەمدەتوانی ئەوە بکەم، بەڵام هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم توانیم ئەم ریکۆردە لە خولی سعوودی بشکێنم’.

هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە لەبارەی ئامانجی داهاتووی دەڵێت :’بڕوام وایە ئامانجەکانم هەموو وەرزێک وەکو یەکن، ئامانجمە هەموو توانای خۆم بخەمە گەڕ بۆ ئەوەی نازناوەکان ببەینەوە، دەمەوێت هەمان ئەو کریستیانۆیە بم کە ئەم وەرزە بینیتان، دەمەوێت لەگەڵ یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ ئامانجەکانمان بهێنینە دی و خەڵاتە تاکە کەسییەکان و نازناوەکان ببەینەوە’.

Cristiano Ronaldo holding the RSL 2023-24 top scorer award

کریستیانۆی 39 ساڵان لەبارەی ئامانجی سەرەکی خۆی دەڵێت :’ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە پارێزگاریی لەو ئاستەی ئێستام بکەم و بەردەوام بم’.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تا ئێستا لەگەڵ یانەی نەسڕ هیچ نازناوێکی فەرمی بەدەست نەهێناوە و ئەم وەرزە دەستبەتاڵ دەرچوون، کە لەوەتەی سەرەتای ساڵی رابردوو پەیوەندی بە یانە سعوودییەکە کردووە و لە 64 یاری 58 گۆڵ و 15 ئەسیستی کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button