سعودیەگرنگترین

🎥؛ دیمەنێکی نێوان نێیمار و سەرۆکی هیلال هەرا دەنێتەوە

لەکاتی ئەهەنگگێڕانی بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعودی روویداوە

یاریگا –

لەکاتی ئاهەنگگێرانی بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی 2023/24ـی خولی رۆشنی سعودی، دیمەنێکی نێوان نێیمار و سەرۆکی هیلال هەرا دەنێتەوە.

شەوی رابردوو یانەی هیلالی سعودی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعودی ئاهەنگێکی گەورەی سازکرد و نۆزدەیەمین نازناوی خولەکەی بەرزکردەوە.

هەر لەو مەراسیمە نوێنەرانی پەرتوکی گینس و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ ئامادەبوون، بەبۆنەی تۆمارکردنی ریکۆردیکی مێژوویی و بردنەوەی 34 یاری لەسەر یەک، خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکەش بە یانەکە کرد.

لە پلاتفۆڕمی ئێکس گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی دەیەوێت ستەیجی ئاهەنگگێڕانەکە جێبهێڵیت، بەڵام فەهد بن نافلی سەرۆکی یانەکە رێگری لێدەکات.

فەهد بە پەنجەکانی دەستی ئاماژە بۆ نێیمار دەکات، کە بەردەوامبێت لە ئاهەنگگێڕان، ئەستێرە بەڕازیلییەکەش رێز لە داوای سەرۆکەکەی دەگرێت و دەگەڕێتەوە ناو هاوڕێکانی.

لە گرتە ڤیدیۆییەکی دیکە دەردەکەوێت، کاتێک نێیمار سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانە، خۆرخێ خێسوسی راهێنەری یانەکە لە پشتەوە دەستێک لە پشتی یاریزانەکە دەدات و رادەکات، ئەو گاڵتەکردنەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە نێیمار دەخاتە پێکەنین.

نێیمار لە هاوینی رابردوو بە بڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە هیلال کرد، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە یاری نێوان بەرازیل و ئوروگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال تووشی پێکانێکی سەخت بوو، بەو هۆیە تەواوی یارییەکانی وەرزەکەی لەدەستدا.

هەر بەهۆی ئەو پێکانە، ئەستێرەکەی سامبا ناتوانێت بەشداری یارییەکانی کۆپا ئەمریکای 2024 بکات، ئێستا لە قۆناخی چاکبوونەوەیە و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات.

ئەستێرە تەمەن 32 ساڵانییەکە بە درێسی هیلال بەشداری 5 یاری کردووە، یەک گۆڵی کردووە و سێ گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button