ئیسپانیاگرنگترین

لاپۆرتا لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا داوای دووبارەکردنەوەی یاریی کلاسیکۆ دەکات

یاریگا –

لاپۆرتا لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا داوای دووبارەکردنەوەی یاریی کلاسیکۆ دەکات و دەڵێت ‘بەهۆی هەڵەی ناوبژیوان و ڤار داوا دەکەین یاریی کلاسیکۆ دووبارە بکرێتەوە’.

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت :’داوا لە لێژنەی ناوبژیوانان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکەین تەواوی وێنە و دەنگەکانی رووداوی گۆڵەکەی لامین یامالمان پێبدەن و بۆمان روون بکەنەوە بۆچی ئەو گۆڵە رەتکرایەوە’.

دەقی قسەکانی لاپۆرتا لە بەیاننامە ڤیدیۆییەکەیدا:

‘هاندەرە خۆشەویستەکانمان و هاندەرانی تۆپی پێ بە گشتی، وەکو سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەمەوێت رۆژێک دوای یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی جیهان ناڕەزایەتی خۆمتان پێڕابگەیەنم، سەرەڕای ئەوەی سیستەمی ڤار لە یارییەکانی تۆپی پێ بەکار دێن، بەڵام وەکو دەزانن من هەمیشە یەکێک نەبوویمە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی سیستەمی ڤار، بەڵام هەمیشە پێموابووە دەتوانین ئەم سیستەمە جێبەجێ بکەین، وەکو رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە نادادپەروەری دەهێننە کایەوە.

لەم بەیاننامەیە نامەوێت تەنیا نیگەرانی بارسێلۆناییەکان لەبارەی سیستەمی ڤار دەرببڕم، بەڵکو ئەگەرچی لە هەندێک کات سوودی بۆ ئێمە هەبووە، بەڵام سیستەمی ڤار نەیتوانیوە دادپەروەری لە یارییەکانی تۆپی پێ بهێنێتە ئاراوە، دوێنێ چەندان دیمەنی جێگای مشتومڕ هەبوون، ئێمە داوا لە لێژنەی ناوبژیوانان و لێژنەی هونەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکەین، دیمەن و تۆمارە دەنگییەکانی کاتی گۆڵە رەتکراوەکەمان پێبدەن، ئەگەر بەفەرمی بۆمان دووپاتکرایەوە گۆڵە رەتکراوەکەمان دروست بووە، ئەوا بەفەرمی داوای دووبارەکردنەوەی یاریی کلاسیکۆ دەکەین، ئێمە پێمانوایە گۆڵە رەتکراوەکەمان دروستبووە و ئەگەر توانیمان ئەوە بسەلمێنین ئەوا هەر بەوە ناوەستین و داوا دەکەین بەهۆی هەڵەی سیستەمی ڤارەوە یارییەکە دووبارە بکرێتەوە’.

بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆ لە گەڕی سی و دووەمی لالیگا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ 2-3 بە ریال مەدرید دۆڕا، کە لەو یارییە ناوبژیوان گۆڵێکی بارسێلۆنای رەتکردەوە و بلاوگرانا بە جیاوازی 11 خاڵ دوای ریال مەدرید کەوتووە و تەنیا شەش هەفتە لە خولەکە ماوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button