ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

جود بێڵینگهام قارەمانی نوێی ئێل کلاسیکۆیە و ئیتر سەردەمی رۆناڵدۆ و مێسی بەسەرچوو

بێڵی لە دوو یاریدا سێ گۆڵی لە بارسێلۆنا کردووە

یاریگا –

جود بێڵینگهام قارەمانی کلاسیکۆی ئەم وەرزەیە، لە کۆی دوو یاریدا سێ گۆڵی لە بارسێلۆنا کردووە. دوو گۆڵ لە مۆنجویک و گۆڵێکیش لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

بێڵینگهام هەمان سیناریۆی ئێل کلاسیکۆی یەکەمی ئەم وەرزەی دووبارەکردەوە، کاتێک لە کاتی زیادکراودا لە هەردوو یارییەکە، گۆڵی کرد و ریال مەدریدی کردە پاڵەوانی ئەم وەرزەی کلاسیکۆ.

ئەمە 21مین گۆڵی ئەم وەرزەی بێڵینگهام بوو لەم وەرزە لەسەر ئاستی تەواوی پاڵەوانیەتییەکان، بەڵام شتێکمان بیر نەچێت، بێڵینگهام لە 10ی فێبرایەر/شوباتی رابردوو گۆڵێکی بەرامبەر جیڕۆنا کرد و لەو کاتەوە، لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی تیمەکانی رکابەر دوور بوو.

بەهۆی بەڕۆژووبوونی لە گۆڵ کردن، رەخنەی جیاواز ئاڕاستەی بێڵینگهام دەکرا، بەڵام هاوڕێیان و دەستەی راهێنەران، متمانەی بەردەوامیان بە جود هەبووە.

ئانچێلۆتی لە دوای یارییەکە گوتی

لە ساتی دروستدا گەیشت، زۆر لە یارییەکەدا ماندووبوو، ئێستا ئەم گۆڵە دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی بردنەوەی لالیگای ئەم وەرزە.

ئانچێلۆتی راست دەکات کە دەڵێت بێڵینگهام لە ساتێکی گونجاودا گەیشت، کاتێک براهیم دیاز تۆپێکی وردی ناردا ناوەڕاست و گەیشتە لوکاس ڤازکێز، ئەویش بە هەمان شێوە ئاڕاستەی نێو بۆکسی بارسێلۆنای کرد و خۆسێلو نەیتوانی پێی بە تۆپەکە بکەوێت و کەوتە بەر رەحمەتی بێڵینگهام.

بێڵینگهام بەم گۆڵە جارێکی دیکە خۆی وەک پاڵەوان لە نێو هاندەرانی ریال مەدرید پیشاندا، یەکەمجاریشبوو، کلاسیکۆ لە ژێر بنمیچی داخراودا بەڕێوەبچێت.

لە دوای گۆڵەکە، بێڵی بەرەو کۆرنەری یاریگا رایکرد، لەوێ ڤازکێز چاوەڕێی دەکرد و بەیەکەوە شێوازێکی نوێی ئاهەنگگێڕانیان نمایش کرد. لەوەتەی پەیوەندیکردنی بێڵینگهام بە مەدرید، ڤازکێز یەکێکە لە نزیکترین هاوڕێکانی جود.

جود بێڵینگهام
لوکاس ڤازکێز و جود بێڵینگهام لە دوای گۆڵی سێیەمی کلاسیکۆ – سانتیاگۆ بێرنابیۆ، مەدرید

لە دوای یارییەکە ڤازکێز گووتی

وێنەیەکی زۆر جوان بوو، لە مەشقەکاندا ئەم جۆرە ئاهەنگگێڕانەمان تاقیکردەوە و ئەمڕۆ گونجاوترین سات بوو بۆ نمایشکردنی.

بێڵینگهام وشەی بەهێزتری بۆ ستایشکردنی ڤازکێز هەبوو، بە تایبەت رۆڵێکی گەورەی لە یارییەکەدا گێڕا، پێناڵتییەکی بۆ تیمەکەی بەدەستهێنا و گۆڵێکیشی دروستکرد. بێڵینگهام لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی

لوکاس ڤازکێز تۆ ئەفسانەی

جیا لە بێڵینگهام و ڤازکێز، چەندین ئەستێرە و هەواداری یانە شاهانەکە لە یاریگا ئامادەبوون. رافایێل نادال کە ئێستا بۆ ئامادەبوونی لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لاورێس لە مەدریدە، لە یاریگا ئامادەبوو و خۆشییەکی بێ وێنەی پێوە دیاربوو.

تۆم بڕادی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەمریکی NFL نەیوسیت لە ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی دڵخۆشی بردنەوەی کلاسیکۆ بێبەش بێت، چووە ژووری جلگۆڕین و لەگەڵ یاریزانانی ریال مەدرید ئاهەنگیگێڕا.

با بێینەوە سەر بابەتی بنەڕەت، ئەویش گۆڵەکەی بێڵینگهام، دوای گۆڵە یەکلاییکەرەوەکەی، وەک هەمیشە ئاهەنگگێڕانی کرانەوەی باوەش و ماچکردنی لۆگۆی ریال مەدریدی پێشکەشی هاندەران کرد.

جود بێڵینگهام
جود بێڵینگهام لە دوای گۆڵی سێیەمی کلاسیکۆ – سانتیاگۆ بێرنابیۆ، مەدرید

لە دوای گۆڵەکەی بێڵینگهام، ئامادەبووانی بێرنابیۆ بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد ”چاڤی، بمێنەوە” هەروەها گۆرانییە هەمیشەییەکەی ‘Asi, asi, asi gana el Madrid – بەمشێوەیە مەدرید سەردەکەوێت”. هەفتەی رابردوو بێڵینگهام لە یاریگای ئیتیحاد خۆی ئەم گۆرانییەوە دەگووتەوە، دوای بردنەوە ئەفسووناوییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.

لە دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە، فران گارسیا بەرەو رووی بێڵینگهام رۆشیت و چووە سەر شانی. دواتر یاریزانان بە دەوری یاریگا سووڕانەوە و خۆشییەکی بێوێنە بە دەموچاوییانەوە دیار بوو.

ئەم بردنەوەیە ریال مەدریدی زۆر لە بردنەوەی 36مین نازناوی لالیگا نزیککردەوە، ئەمە سێیەم بردنەوەی ریال مەدرید بوو بەرامبەر بارسا لەم وەرزەدا.

هەرچەندە ئەمە ناوازەترین ئاستی بێڵینگهام نەبووە لەم وەرزەدا، بەڵام جارێکی دیکە پەیوەندییە تایبەتەکەی لەگەڵ گۆڵی دوا ساتەکان نوێکردەوە. ئەم گۆڵانەی بەرامبەر خێتافی، یونیەن بەرلین و ئێستاش بارسێلۆنا کرد.

لە کلاسیکۆی یەکەمدا، بێڵینگهام لە خولەکی 92 گۆڵی بردنەوەی کرد و دوێنێش لە خولەکی 91 گۆڵی بردنەوەی کرد، ئەمەش بردنەوەی کلاسیکۆکەی زیاتر بەچێژ کرد، چونکە مەدرید لەوەتەی ساڵی 1966 ەوە، لە کاتی زیادکراودا گۆڵی بردنەوەی کلاسیکۆی لە بارسێلۆنا نەکردووە.

بێڵینگهام کۆی گۆڵەکانی لەلالیگا بۆ 17 گۆڵ بەرزکردەوە، بە جیاوازی گۆڵێک لە دوای ئارتیم دۆڤبیک، هێرشبەری جیڕۆناوە دێت.

ئەمە شتێکی خراپ نییە بۆ کوڕە ئینگلیزییەکە، چونکە یەکەم وەرزە خول، وڵات و کولتوورێکی نوێ تاقی دەکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button