کوردستانگرنگترین

هەکاری داود: سێ خاڵی یارییەکەی ئاکرێ دەکەینە دیاری بۆ هاندەران و ئاشتییان دەکەینەوە

ئاکرێ، پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە چاویان لە نازناوە

یاریگا –

دووشەممە دوا گەڕی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت و پاڵەوانی ئەم وەرزەدا دەستنیشان دەکرێت.

یانەکانی ئاکرێ، پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە ئەگەری پاڵەوانبوونیان هەیە. ئاکرێ لە چوارقوڕنە هەوڵی بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە دەدات و بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی هیچ یارییەک بکات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.

یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و شێروانەش لە کەلار یاری لووتکە دەکەن، بەڵام هەردوو یانەکە چاوییان لە ئەنجامی ئاکرێیە.

هەکاری داود، جێگری سەرۆکی یانەی چوارقوڕنە لەبارەی دوا یاری ئەم وەرزەیان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند

ئێمە لە دەستەی کارگێڕی یانەی چوارقوڕنە بڕیارمانداوە ئامادەکاریەکی باش بۆ یاریەکەی ئاکرێ بکەین، بەڵێنمان داوە لەوەتەی سەرکەوتووین بۆ ریزی نایاب، لە هەموو روویەکەوە میوانێکی باش و جوانی خولەکە بین. تا ئێستا یانەی چوارقوڕنە بە گەواهی هەمووان میوان دۆستی خۆمان بۆ سەرجەم یانەکان سەلماندووە، هەمیشە هەوڵمانداوە جوانترین رووی وەرزشی پێشکەش بکەین.

جێگری سەرۆکی یانەی چوارقوڕنە دەربارەی یاریکردن به ئەنجامی یاریەکە لە کۆتا گەڕی خولی نایابی کوردستان دەڵێت

هەرگیز بیرمان لە کارێک نەکردووەتەوە کە دژی وەرزش بێت، یاریکردن بە ئەنجامی یاریش هەرگیز لە خەیاڵی ئێمە نەبووە و بیریشی لێناکەینەوە، چونکە ئەم کارە قێزەونه ستەم کردنە لە تیپێکی دیکە کە بە هەمان شێوە هەوڵی بە دەستهێنانی ئەنجامی باش دەدات، لای ئێمە یانەکان جیاوازیان نییە، بۆیە رێگە بە خۆمان نادەین ناحەقی بەرامبەر هیچ یانەیەک بکەین، ئەمە دوورە لە رەفتار و کردەوەی یانەی وەرزشی چوارقوڕنە.

سەبارەت بە ئامادەکاری تیپەکەشیان بۆ ئەم یاریە هەکاری داود دووپاتیکردەوە

یاریزانان بە تەواوی خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە، ئێمە لە دەستەی کارگێڕی یانە و دەستەی راهێنەران و سەرجەم یاریزانەکانیش بەڵێنمان داوە سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنین و لەگەڵ هاندەرانی خۆمان ئاشت بینەوە. سێ خاڵی یارییەکە بکەینە دیاری بۆ هاندەران، سەرکەوتن لەم یارییەش چەند پلەیەک بەرەوپێش دەمانبات، ئامانجمان سەرکەوتنی خولی نایابی کوردستان و سەلامەتی یاریزانەکانە لەگەڵ هاندەرانمان.

لە گەرێ کۆتایی چی روودەدات؟

لە گەڕی کۆتایی خولەکە کە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو بکرێت، ئاکرێ لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی چواقوڕنە، ئەگەر ئاکرێ لەو یارییە بباتەوە بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یاریی دوو رکابەرەکەی دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان.

ئەگەر لە گەڕی کۆتایی ئاکرێ لەگەڵ چوارقوڕنە یەکسان بێت یان بدۆڕێت، ئەوا دەبێت چاوی لە ئەنجامی یارییەکەی پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە بێت، کە لە گەڕی کۆتاییدا شێروانە لە کەلار میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، ئەگەر ئەنجامی هەردوو یارییەکەی ئاکرێ و چوارقوڕنە و یاریی شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر بە یەکسانبوون کۆتاییان بێت، ئەوا ئاکرێ دەبێتە پاڵەوان.

ئەگەر ئاکرێ لە یاریی بەرامبەر چوارقوڕنە بدۆڕێت، شێروانە و پێشمەرگەی هەولێریش یەکسان بن، ئەوا ئاکرێ دەبێتە پاڵەوان، چونکە ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر یەکسان دەبێت، بەڵام بە رەچاوکردنی ئەنجامی یاریی نێوانیان ئاکرێ پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت، کە لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە لە پێشمەرگەی بردووەتەوە.

لە گەڕی کۆتایی ئەگەر ئاکرێ بەرامبەر چوارقوڕنە بدۆڕێت، پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە هەرکامێکیان ببەنەوە دەبنە پاڵەوانی خولەکە، پێشمەرگەی هەولێر بە جیاوازی خاڵ دەبێتە پاڵەوان، ئەگەر ئاکرێ لە دوایین گەڕ یەکسان بێت، شێروانە لە پێشمەرگەی هەولێر بباتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، چونکە ئەوکات ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ ئاکرێ یەکسان دەبێت و بە رەچاوکردنی ئەنجامی یاریی نێوانیان یانەکەی گەرمیان پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button