ئینگلتەرا

“باشترین گرێبەستی ئەم وەرزی پرێمەرلیگ چێڵسی واژۆی کردووە”

یاریگا –

جۆ کۆل، ئەستێرەی پێشووی چێڵسی پێی وایە کۆل پاڵمەر، باشترین گرێبەستی ئەم وەرزە بووە لە پرێمەرلیگدا.

پاڵمەر لەو کاتەوەی پەیوەندی بە چێڵسیەوە کردووە، توانیویەتی توانا و بەهرەی درەوشاوەی خۆی لە پێکهاتەی ئەم تیپەدا نیشان بدات و لە زۆرێک لە یارییەکانیشدا یارمەتی بلوزی داوە بۆ ئەوەی گۆڵ بکات و ئەنجامی خوازراو بەدەستبهێنێت.

لە یارییەکەی هەفتەی رابردوودا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، ئەم ئەستێرە گەنجە ئینگلیزییە باشترین یاریزانی تیپەکەی و باشترین یاریزانی نێو یاریگا بوو، هەروەها توانی لە کۆی چوار گۆڵی چێڵسی سێ گۆڵ تۆماربکات و رۆڵی گرنگ بگێڕێت لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی بەنرخ لەم یارییەدا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تی ئێن تی سپۆرت، کۆل سەبارەت بە درەوشاوەیی یاریزانەکە گوتی:

ئەو شتەی زۆر جێی سەرنجە کاردانەوەی ئەو یاریزانەیە. تازە گۆڵی براوەی تیپەکەی لە کۆتا خولەکدا تۆماردەکات، بەڵام وەک ئەوە مامەڵە دەکات کە تازە هاتووەتە ناو یاریگا و پڕ وزەیە. ئارامترین پیاوی ناو یاریگایە. هاندەرانی چێڵسی ئەویان خۆش دەوێت. پاڵمەر بەڕاستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە. دەبێت بڵێم باشترین کڕینی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگە.

پالمەر لەگەڵ چێڵسی توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە گۆلکارانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ و بە کردنی 16 گۆڵ لەگەڵ سۆلانکێی هێرشبەری بۆرنمۆس و ئۆلی واتکینس گۆڵەکانی یەکسان بکاتەوە و لەدوای ئێرلینگ هالاندەوە دێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button