کوردستان

ڕێزدار وەلی: نامەوێ متمانەی دەستەی کارگێڕی و هاندەران لە دەست بدەم

ڕێزدار وەلی یاریزانی یانەی سۆران هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی بۆ هەندێ هۆکاری تایبەت دەگێڕێتەوە و نهێنی ئاستبەرزی خۆشی باس دەکات.

ئەم وەرزە تا ئێستا یانەی سۆران لە خولی نایابی کوردستان بە خراپترین ئاستیدا تێپەڕ دەبێت و لە ڕیزبەندی کۆتایی خولەکە دێت بە 27 خاڵ، ڕێزدار وەلی ئەستێرەی دیاری کوردستان و یانەی سۆران هۆکاری ئەم ئاستە خراپەی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ڕوونکردەوە و گووتی : هۆکاری زۆر هەبوون بۆ ئاست خراپی تیپەکەمان لەوانە درەنگ دەستکردن بە ئامادەکاری بۆ خولەکە و زوو جێهێشتنی ڕاهێنەر وەلید محەمەد لە تیپەکەمان، دواتر کۆڤان نەزمی بوو بە ڕاهێنەر کە نیوەی پێکهاتەی وەرزی پێشووترمان نەمابوو کە ڕاهێنەر کۆڤان سەرپەرشتی دەکردن، بەو هۆیەوە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و ڕیزی یانەکەی جێهێشت، دوای ئەو یونس سلێمان بووبە ڕاهێنەر و ئەویش نەیتوانی سەرکەوتووبێت و دەستی لەکار کێشایەوە، دوای هێنانی دوو یاریزانی پیشەگەر و گەڕانەوەی ڕاهێنەر کۆڤان نەزمی ئاستی تیپەکەمان بەرەوپێش چوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، هەموو هەوڵێک دەدەین یانەی سۆران بۆ وەرزی داهاتوو لە ڕیزی نایابی کوردستان بهێڵینەوە.

ڕێزدار نهێنی ئاستبەرزی خۆی لەگەڵ یانەی سۆران بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا کرد و گووتی : سوپاسی خوای گەورە دەکەم تا ئێستا من بەو ئاستە دەردەکەوم، بە هۆی ئەوەی هاندەران و یاریزانان و ڕاهێنەر و هەتا دەستەی کارگێڕیش هیوایان لە سەر من هەڵچنیوە گرینگی زیاتر بەخۆم دەدەم و دەمەوێت متمانەی خۆم لە دەست نەدەم لای ئەوان چونکە هەمووکات پاڵپشتی من و تیپەکە بوونە.

ئەستێرەکەی یانەی سۆران تا ئێستا لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی توانیویەتی 13 گۆڵ تۆمار بکات و لە ڕیزبەندی دووەمی گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان دوای یاریزان دانا کامەران لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر دێت کە 16 گۆڵی تۆمار کردووە.

Back to top button