ئه‌ڵمانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

بۆ گواستنەوەی کیمیچ ئارسیناڵ پەیوەندی بە بایرن میونشن دەکات

یاریگا –

ئارسیناڵ یەکەم هەنگاوی بۆ گواستنەوەی جۆشوا کیمیچی ئەڵمانی ناوە.

ماڵپەڕی فووتبۆڵ ترانسفێر بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ پەیوەندی بە بایرن میونشن کردووە تا بزانێت یانە ئەڵمانییەکە لە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە دەخاتە بازاڕ یاخود نا.

کیمیچ لە هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە بەسەردەچێت، یانەکە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

بەڵام ئەگەر نەتوانن گرێبەستەکەی نوێبکەنەوە، ئەوا یاریزانە تەمەن 29 ساڵانییەکە دەتوانێت لە هاوینی 2025 بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەکەی دیکە بکات.

بەڵام بایرن بەهیچ شێوەیەک نایەوێت بەخۆڕایی دەستبەرداری ببێت، ئەگەر جۆشوا ئامادە نەبێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەوا لە هاوینی داهاتوو دەیخەنە بازاڕ.

گەنەرزیش بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەسەر هێڵە، پێشتریش لە رێگەی کای هاڤێرتزی ئەڵمانی هەوڵیداوە کیمیچ رازی بکات تا پەیوەندی بە یانەکەیان بکات.

بەڵام جیا لە ئارسیناڵ، هەریەکە لە یانەکانی لیڤەرپوول، بارسێلۆنا، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، و پاریس سانجێرمانیش خۆیان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئامادە کردووە.

کیمیچ لە هاوینی 2015 بە بڕی 8.50 ملیۆن یۆرۆ، لە شتوتگارتەوە پەیوەندی بە بایرن کرد، بە درێسی باڤارییەکان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 379 یاری کردووە، 41 گۆڵی کردووە و 102 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button