ئیسپانیا

گەرچی ئامارەکانی شایستەن بەڵام خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی لالیگا بە لونین نادرێت

یاریگا –

ئاندرێ لونین، گۆڵپارێزی ریال مەدرید، بەپێی یاساکانی لالیگا ناتوانێت گرنگترین خەڵاتی تاکەکەسی ئەم وەرزە بەدەستبهێنێت.

بەپێی یاساکانی لالیگا، گۆڵپارێز دەبێت لانی کەم 28 یاری ئەنجام بدات و لە هەر یارییەکدا لانی کەم 60 خولەک یاریی بکات بۆ ئەوەی خەڵاتی زامۆرا بەدەست بهێنێت.

دوای پێکانی تیبۆ کۆرتوا، ریال بڕیاریدا گرێبەست لەگەڵ کێپا واژۆ بکات، هەروەها بۆ ماوەیەکی زۆر گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکە بوو، بەڵام دوای تووشبوونی بە پێکان لونین گەیشتە پێکهاتەی سەرەکی و دواتر شوێنەکەی بۆ کێپا چول نەکردەوە. لونین ئەوەندە درەوشایەوە کە دواجار ستافی تەکنیکی بڕیاریاندا گۆڕانکاری لە گۆڵەکەدا نەکەن.

سێ مانگ لەمەوبەر دەرکەوتنی کێپا بەرامبەر ئەلاڤێس وایکرد لونین چیتر چانسی بەدەستهێنانی خەڵاتی زامۆرای نەبێت. پێش ئەوە لونین لە حەوت یاریدا گۆڵپارێزی جێگیری ریال بووە و تا ئێستا 18 جار پاریزگاری لە تۆڕی گۆڵی مەدریدییەکان کردووە. تا کۆتایی ئەم وەرزە 8 یاری تر ماوە و لە هەر بارودۆخێکدا لەم وەرزە 26 یاری زیاتر لەگەڵ ریال ناتوانێت بکات. بەم شێوەیە گۆڵپارێزە ئۆکرانییەکە بەربژێری خەڵاتی زامۆرا نابێت.

لەم 18 یارییەدا لۆنین تەنها یازدە گۆڵی لێکراوە و 9 جاریش گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتۆتەوە. تێکڕای گۆڵەکانی لە هەر یارییەکدا 0.61 گۆڵە و لەم رووەوە باشترین گۆڵپارێزی لالیگایە.

شایەنی باسە کە لەوەتەی ئیکەر کاسیاس خەڵاتی زامۆرای لە وەرزی 2007-2008 بەدەستهێناوە، تەنها تیبۆ کۆرتوا توانییویەتی ئەم خەڵاتەی بۆ ریال مەدرید لە وەرزی 2019-20 بەدەستبهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button