ئینگلتەراگرنگترین

لە پرێمەرلیگ یاسایەکی نوێ لەبارەی تۆپهێنەرەوەکانی یاریگاکان دەرکرا

یاریگا –

لە پرێمەرلیگ یاسایەکی نوێ لەبارەی ئەو منداڵانەی لە یاریگاکان تۆپ دەهێننەوە دەرکرا.

بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی پرێمەرلیگ کە لە ناوەڕاستی ئەم وەرزەوە کاری پێ دەکرێت، کاتێک تۆپ لەسەر لاکێشەی سەوز دەچێتە دەرەوە، تۆپهێنەرەوەکان ناتوانن یەکسەر تۆپەکە بدەنەوە یاریزانەکان، بەڵکو دەبێت تۆپەکە لەسەر ئەو راگرانە دابنێنەوە کە لە دەوروبەری هێلەکانی یاریگا بۆ جێگیرکردنی تۆپەکان دانراون.

یاساکە لە یارییەکانی ئەم هەفتەیە جێبەجێ دەکرێت و، لە باری چوونە دەرەوەی هەر تۆپێک، یاریزانان خۆیان دەبێت بچن تۆپی سەر قووچەکەکان هەڵگرنەوە و یارییەکە دەستپێبکەنەوە.

ئامانج لەم ڕێسا نوێیە، بۆ نەهێشتنی ئەگەری هەر رێککەوتن و ڕێنماییەکی یانەی خاوەن یاریگەیە لەگەڵ تۆپهێنەرەوەکان بە ویست و بەرژەوەندی خۆیان و، هەروەها رێگریکردن لە ئەگەری ڕوودانی مشتومڕ و هەڵچوون لە کاتی گەڕاندنەوەی تۆپەکەدا.

لە یارییەکانی تۆپی پێدا ڕووی داوە یاریزانێک بە گژ تۆپهێنەرەوەکاندا بچێتەوە, دیارترین نموونە بۆ ئەمە ڕووداوەکەی ئیدن هازار بوو سەروەختی یاریکردنی بۆ چێڵسی کە بە بە شەق لە پەراسووی تۆپهێنەرەوەیەکی سوانزی سیتی دا تا تۆپەکەی لێ وەرگرێتەوە و سەرەنجام بە کارتی سوور یاریزانە بەلجیکیەکە کرایە دەرەوە.
جۆزێ مۆرینهۆیش ئەزموونی لەگەڵ تۆپهێنەرەوەکاندا هەیە و سەردەمی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد لە یارییەکیاندا ئەوانی تاوانبار کرد بە سستی و خاوبوونەوەی ریتمی یانەکەی.

لەمەودوا بۆ هەر یارییەکی پرێمەرلیگ 14 تۆپ لەناو یاریگادا دەبن. پێنج تۆپ بۆ هەر لایەکی یاریگا و دوو دانە بۆ کۆتاییەکانی یاریگا لەگەڵ تۆپی ناوەڕاست.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button