ئه‌مریکائیسپانیاگرنگترین

نامەیەکی هەستبزوێنی ئێندریک بۆ برایەکەی

بە هەژاری لەدایک بووم، دووبارە لە تۆپی پێدا لەدایک بوومەوە!

یاریگا –

نامەیەکی هەستبزوێنی ئێندریک، ئەستێرەی لاوی بەڕازیلی بۆ برا 4 ساڵانەکەی، کە کورتەیەک لە ژیانی خۆی و خێزانەکەی خستووەتە روو، سەرنجی میدیاکانی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا.

نامەکەی ئێندریکی هێرشبەری لاوی بەڕازیلی دوای تۆمارکردنی گۆڵێک بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کە بۆ نوحی برای نووسیبووی، بە خێرایی لە میدیاکاندا بڵاو بوویەوە.

ئەستێرە نوێیەکەی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور کە ئێستا لە پاڵمێراس یاری دەکات، گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە و دوای تەمەنی 18 ساڵی راستەوخۆ دەچێتە ئیسپانیا و پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکە دەکات.

دەقی نامەکەی ئێندریک بەم شێوەیە بوو:

نوح ئازیزم!

خۆشم دەوێیت، ئەوە یەکەم بابەتە کە لە سەروو هەموو بابەتەکانیترە.

هەست دەکەم هەر لە یەکەم رۆژەوە پەیوەندییەکی تایبەتمان هەبووە، پێشووتر هەرگیز ئەوەم پێت نەگووتووە، بەڵام کاتێک خەریک بوو لەدایک ببیت، لە راستیدا چاوەڕێی من بوویت گۆڵ بکەم.

ئەوە راستە براکەم، ئەوکات من لە یارییەکی گرنگدا بووم، تەمەنم تەنیا 13 ساڵ بوو و تۆش جارێ نەتدەویست بێیتە دنیاوە، چرکەکان تێدەپەڕین و دایکم و باوکم پێیان وابوو چاوەڕێی شتێک دەکەیت، پاشان لەناکاو باوکم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هاوڕێکەی کە سەیری یارییەکەی منی دەکرد بۆهات و پێی گوت: “دۆگلاس! دۆگلاس! ئێندریک گۆڵی کرد! پاشان رێک لەو ساتەدا لەدایک بوویت و دەنگی گریانەکەت بیسترا.

دواجار هاتیت تاوەکوو لەگەڵم ئاهەنگ بگێڕیت و کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە دیاری رۆژی لەدایک بوونتم پێدایت. ئەو کاتە پارەم نەبوو تاوەکوو بووکەڵەت بۆ بکڕم، بەڵام تۆپی زێڕینی پاڵەوانێتییەکەم بۆ هێنای.

ئێمە لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەدایک نەبووین. ئێمە لە تۆپی پێدا لەدایک بووین. نازانم کەی ئەم نامەیە دەخوێنیتەوە، بەڵام ئێستا تەمەنت 4 ساڵە و ژیانمان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت.

لە چەند مانگی داهاتوودا، دەچمە ئیسپانیا بۆ ئەوەی یاری بۆ ریال مەدرید بکەم، بەڵێ! ئەو تیپەی کە هەمیشە لە پلەیستەیشن هەڵیدەبژێرم کاتێک سەیری من دەکەیت. دەزانم کە جیهان دەیەوێت لەبارەی چیرۆکی خێزانەکەمانەوە بزانێت. وە چیرۆکێکی شێتانەیە براکەم! کەواتە ئەمە چانسی منە وەک ئەوەی بەڕاستی روویداوە بۆتی باس بکەم.

دەمزانی رۆژێک بارودۆخمان چاک دەبێت و دایکم هێشتا کاتێک بیری دێتەوە دەگری. ئێمە وەک ئێستا لە شوقەیەکی شاهانەدا نەدەژیاین. لە گەڕەکێک بە ناوی ڤیلا گوایرا دەژیاین و ژیانمان زۆر جیاواز بوو. لە ساڵانی داهاتوودا هەموو شتێک لەبارەی ژیانی ئێمەوە لە کەسانی ترەوە دەبیستیت و دەڵێن هەمووی ئازار و نەهامەتی بووە.

بەڵام راستییەکە ئەوەیە، سوپاس بۆ خودا و سوپاس بۆ هەموو ئەو قوربانیانەی دایکم و باوکم دایان، منداڵییەکی نایابم بەسەر برد، و بێگومان سوپاس بۆ تۆپی پێ. کاتێک تەمەنم 10 ساڵ بوو، پێموایە یەکەمجار بوو لە ژیانمدا کە تێگەیشتم دۆخەکەمان قورسە. ئەمە قسەی باوکمە، کاتێک رۆژێک لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو و من پێم گوتووە؛

“نیگەران مەبە من دەبمە یاریزانی تۆپی پێ و خۆمان لەم دۆخە رزگار دەکەم”. ئەو رۆژە من تەنیا منداڵێک بووم و تۆپی پێ تەنیا یارییەک بوو.

 

لەو رۆژەوە تۆپی پێ بووەتە شێوازی ژیانمان. دایکم ژیان و ماڵەکەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی پشتگیری لە خەونەکەم بکات لە ساوپاولۆ. دایکم گوتی بەبێ من ناتوانێت بمێنێتەوە و هۆڵی وەرزشییەکەش تەنیا شوینی مانەوەی بۆمن هەبوو. باوکم بۆ کارکردن مایەوە تاوەکوو پارەمان بۆ بنێرێت، دایکم لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانی تیمەکەم لە ماڵێکی بچووکدا لەگەڵم مایەوە. هەموومان لە ژێر یەک سەقفدا دەژیاین، بەڵام کاتێک دەچووینە مەشق، کەسی نەبوو قسەی لەگەڵ بکات.

لەو ماڵەدا تەلەفزیۆن و ئینتەرنێتمان نەبوو، کتابە پیرۆزەکەی دەبردە پارک و بەتەنیا لەگەڵ خودا دادەنیشت و قسەی دەکرد. تاکە شتێک کە لەو شوێنەدا هەیبوو، کورسییەک بوو. جانتاکەی دەخستە سەری و کاتێک ئیمە تەختمان هەبوو، ئەو لەسەر زەوی دەخەوت. دەزانم بۆ تۆ قورسە بیر لەوە بکەیتەوە دایکم لەسەر زەوی بخەوێت، بەڵام ئەوە راستیە. بەڕاستی ئەمە روویداوە. جارێکی تر دایکت بینی باوەشی پێدا بکە و سوپاسی بکە، چونکە بەبێ قوربانیدانی ئەو ئەمڕۆ ئێمە لێرە نەدەبووین.

باوکیشم بێگومان قوربانی زۆری داوە. دوای چەند مانگێک هاتە ساوپاولۆ بۆ ئەوەی پاڵپشتیمان بکات، چووە پاڵمێراس و داوای لە یانەکە کرد هەرچ کاریک بێت بیکات تاوەکوو لە ئیمە نزیک بێت.

لە بەشی خزمەتگوزاری لەناو یاریگاکەدا بوو. وەک کوڕێک هەمیشە ئاواتی ئەوە دەخواست لەو ژوورە جلگۆڕینەدا بووایە، بۆیە بە زەردەخەنەوە چووە سەر کارەکەی. 3 ساڵ لەوێ کاری کردووە، سەرەتا زبڵ و خاشاک لە دەوروبەری یاریگاکەی کۆ دەکردەوە و دواتر بووە بەرپرسی پاککردنەوەی ژووری جلگۆڕین. هەمیشە بە یاریزانەکانی دەگوت رۆژێک کوڕەکەم یاریتان لەگەڵ دەکات.

بە ماندووبوون و فرمێسکێکی زۆر بەدەستمان هێنا. دایکم هەمیشە دەڵێت یەک هەڵە دەتوانێت هەموو شتێک تێک بدات و راست دەکات. ئەو ساتەی لەبیرمان دەچێت لە کوێوە هاتووین، مەترسی ئەوەمان لەسەرە لە رێگادا ون بین. هەر بۆیە ئەم چیرۆکی خێزانییەت پێ دەڵێم. دایکم نانی کۆنی دەخوارد، باوکم لە ژێر وێستگەی پاسەکاندا دەخەوت.

هیوادارم هەمیشە لە دڵی خۆتدا بیهێڵیتەوە. خۆشم دەوێی براکەم.”

بابەتی زیاتر

Back to top button