ئیسپانیاگرنگترین

تەواوی وتەکانی ڤینیسیۆس کە بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لە بارەی رەگەزپەرستیەوە کردی

یاریگا –

ئەمشەو ڤینیسیۆس جونیۆر چاوەکانی بە لای خۆیدا راکێشایەوە، بەڵام بە ئاستی ناو یاریگا نا، بەڵکو بەو وتە پڕ هەست و سۆزانەی لە کۆبوونەوەی رۆژنامەوانی پێش یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا ئەنجامی دا کاتێک بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گوزارشی لە هەست و دۆخی خۆی کرد لە پای کردەوەی رەگەزپەرستانەی کە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت. وتەکانی ڤینی لە کاتێکدایە یارییەکەی سامبا و ماتادۆر لەسەر یاریگای ریاڵ مەدرید لە ژێر ناوی “هەمان پێست‘ ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی بەگژدا چوونەوەی جیاوازیی رەنگ و رەگەزییە.

ئەستێرە بەرازلییەکەی مێرەنگی وتی

ئەوەی من دەمەوێت تەنها یاری کردنە.

ئەگەرچی سەرۆکی راگەیاندنی فدراسیۆنی بەرازیل پێشنیازی کرد کۆنفرانسەکە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام ڤینیسیۆس بڕیاری دا بەردەوام بێت تا پەیامەکان بگەیەنێت، بەوەش ئامادەبووان بە چەپڵەڕێزان وەڵامیان دایەوە

یاری تۆپی پێ گرنگە، بەڵام بەگژدا چوونەوەی رگەزپەرستیش زۆر گرنگە. دەمەوێت خەڵکی لە هەمان رەنگ، ژیانێکی ئاسایی بژین. ئەگەر وابێت، ئەوە منیش دەچمە بۆ یارییەکانی یانەکەم و تەنها هۆشم لە یاریکردن دەبێت.

ناوبراو رەخنەیشی لەوە گرت کە هەر کاتێک لەو بارەیەوە سکاڵایەکی کردبێت، دۆخەکە بەرەو خراپتر رۆیشتووە. وتی

من هەمیشە بیر لە هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکان دەکەمەوە بۆ جەنگی بنەبڕکردنی رەگەزپەرستی. لالیگا بەرەوپێشەوە چووە لەو ڕووە و ئەنجامی هەبووە، بەڵام هەمیشە ئاڵۆزییەکە لەوەدایە کە رەگەزپەرستی وەک تاوان سەیر ناکرێت. من ئێستا باشتر لە رەگەزپەستی تێدەگەم هەر بۆیە بەم شێوە خاوەندارێتیە قسە دەکەم.

پێش کۆتایی هێنان بە چاوپێکەوتنە، هێرشبەرە بەرازیلیکەوە جەختی کردەوە کە ئیسپانیا وڵاتێکی رەگەزپەست نییە

ئیسپانیا وڵاتێکی رەگەزپەرست نییە، بەڵام وڵاتێکە رەگەزپەستەکانی زۆر تیایە و ڕوو دەکەنە یاریگاکانی تۆپی پێ.

هاوکات دووپاتیشی کردەوە کە ئەو وڵاتە جێ ناهێڵێت

نامەوێت ئێرە جێ بهێڵم، چونکە ئەوە بە دەستەوە دەدەم کە رەگەزپەرستەکان دەیانەوێت.
ڤیدیۆی چاوپێکەوتنە میدیاییەکە:

 

بۆ زانین، چەند ساڵێکە ئەو یاریزانە لەلایەن هاندەرانی یانە جیاوازەکانی ئیسپانیاوە رووبەرووی هێرشێکی زۆری رەگەزپەستی دەبێتەوە و چەندین جار لێکەوتەکانی تەواوی میدیا جیهانییەکانی گرتووەتەوە و دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا و بەرازیل بە جیددی هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button