ئیسپانیاگرنگترین

ئایا ئالڤێس هەژارە؟ بۆچی ناتوانێت پارەی ئازادبوونی بە کەفالەت دابین بکات؟

رۆژنامەی سپۆرت کۆمەڵێک زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –

هۆکاری شکستهێنانی دانی ئالڤێس لە دابینکردنی یەک ملیۆن دۆلار بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت ئاشکرا دەبێت.

تاوەکو ئێستا ئالڤێس نەیتوانیوە بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ دابین بکات و بە کەفالەت ئازاد بکرێت، چونکە ئەمە ئەو بڕە پارەیە کە دادگای بارسێلۆنا دیاریکردووە، تاوەکو بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

ئەگەر ئالڤێس بڕە پارەکە دابین بکات، ئەوا هەردوو پاسپۆرتی ئیسپانی و بەرازیلی لێوەردەگیرێتەوە و رێگە نادرێت ئیسپانیا جێبهێڵێت، هەروەها قەدەخەیە یەک کیلۆمەتر کەمتر لە شوێنی مانەوە و شوێنی کارکردنی قوربانییەکە نزیکببێتەوە.

هەرچەندە ئالڤێس چارەکی ماوەی سزاکەی لە زیندان بەسەربردووە، بەڵام دادگای بارسێلۆنا بژاردەی کەفالەتی بۆ چالاک کردووە.

پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە یانەیەکی شەوانە، ئالڤێس بە چوار ساڵ زیندانی سزادرا.

ئالڤێس یەکێکە لەو یاریزانانەی ماوەیەکی درێژە پارەی گرێبەست و رێکلام وەردەگرێت، بەڵام پرسیارە گەورەکەیە ئەوەیە، بۆچی ناتوانێت پارەکە دابین بکات؟

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی پێگەی سیلیبێرتی (نێت وۆرس – Celebrity Net Worth)، سامانی ئالڤێس بریتییە لە 55 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام سەرباری ئەمەش، یاریزانە بەرازیلییەکە رووبەڕووی چەندین کێشەی دارایی بووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەواوی هەژمارەکانی بانکی ئالڤێس لە بەرازیل راگیراون، چونکە کێشەی یەکلایینەبووەوەی لەگەڵ دینۆرا سانتانا، هاوسەری پێشووی هەیە.

ئالڤێس دوو هەژماری بانکی لە ئیسپانیاش هەیە، دانەیەکیان بەبێ باڵانسە و دانەیەکی دیکەش 51 هەزار یۆرۆی تێدایە، بەڵام 50 هەزار یۆرۆ بە بارمتە لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە دەستیبەسەردا گیراوە.

رۆژنامەی سپۆرت روونیکردووەتەوە، ئالڤێس چاوەڕێی وەرگرتنی بڕی 9.2 ملیۆن یۆرۆ لە دەسەڵاتی باجی ئیسپانیا، ئەمەش دوای بردنەوەی کەیسێک، بەڵام لەدوای وەرگرتنی پارەکە، پێویستە بڕی 645 هەزار یۆرۆ وەک باج بداتەوە دەسەڵاتی باج. بۆیە ئێستا ناتوانێت بڕە پارەکە دابین بکات و لە زیندان بە کەفالەت ئازاد بکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button