راپۆرتی تایبەتکێ باشترینە؟گرنگترین

هەڵسەنگاندنێکی تایبەت | بێڵینگهام نزیکترین بەربژێرە باڵۆن دۆری 2024 بباتەوە

یاریگا –

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی ماڵپەڕی جیهانی (گۆڵ – GOAL) بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024، بێڵینگهام نزیکترین بەربژێرە خەڵاتەکە بباتەوە، کە ئەمساڵ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و کۆپا ئەمریکا و چامپیۆنزلیگ ناسنامەی براوەی تۆپە زێڕینەکە یەکلا دەکەنەوە، لەکاتێکدا لیۆنێل مێسی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2023ـی بردەوە.

Jude Bellingham Real Madrid 2023-24

1- جود بێڵینگهام

دوای تێپەڕبوونی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ جود بێڵینگهام نزیکترین بەربژێرە تا ئێستا بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بباتەوە، بەڵام دەستکەوتەکانی لەگەڵ ریال مەدرید و ئینگلتەرا یەکلای دەکەنەوە تا کۆتایی ساڵ هەر بەربژێری سەرەکی دەبێت یان نا.

بێڵینگهام لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید 21 گۆڵ و 12 ئەسیستی کردووە، لەگەڵ یانەکەی گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و پێشەنگی لالیگاشیان گرتووە و جامی سوپەری ئیسپانیاشیان بەدەستهێناوە، هاوینی داهاتوو بێڵی لەگەڵ ئینگلتەرا بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکەن و بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

Kylian Mbappe PSG Brest Ligue 1

2- کیلیان ئێمباپێ

لەم وەرزە لەگەڵ پاریس سانجێرمان جامی سوپەری فڕەنسای بەدەستهێناوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 44 گۆڵ و 14 ئەسیستی کردووە، نزیکە لەگەڵ یانەکەی پاریس نازناوی خولی فڕەنسی بباتەوە و لە چامپیۆنزلیگیش لە قۆناخی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبنەوە.

ئێمباپێ هاوینی داهاتوو لەگەڵ کەڵەشێرەکان بەربژێرن بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بکەن، کە لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە ئێمباپێ یەکێک بووە لە بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر، ئەم وەرزە دوایین چانسی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پاریس خەڵاتەکە بباتەوە.

Erling Haaland 2023

3- ئێرلینگ هالاند

لەم وەرزە لەگەڵ مانچێستەر سیتی جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 32 گۆڵ و 6 ئەسیستی بە درێسی سیتیزنس کردووە.

ساڵی رابردوو هالاند نزیکبوو خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڵام دواجار خەڵاتەکە بە لیۆنێل مێسی بەخشرا و هالاند پلەی دووەمی بەدەستهێنا، کە ئەم وەرزە هێرشبەرە نەرویجییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی نەگەیشتووەتە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و مافی بەشداریکردنیان نییە، لەگەڵ مان سیتیش کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ دەکەن.

Phil Foden Man City 2023-24

4- فیل فۆدین

ئەم وەرزە لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 19 گۆڵ و 10 ئەسیستی کردووە و جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە، بەهۆی پێکانی دێ برۆین و هالاند لەم وەرزە رۆڵی کاریگەری لە بردنەوەکانی مان سیتی هەبووە.

فۆدین هاوینی داهاتوو یەکێک دەبێت لە چەکە کاریگەرەکانی ئینگلتەرا بۆ بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.

Rodri Man City 2023-24

5- رۆدری

ئەم ناوەڕاستکارە ئیسپانییە لەم وەرزە لەگەڵ مانچێستەر سیتی 7 گۆڵ و 11 ئەسیستی کردووە و جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانیشی بەدەستهێناوە، کاریگەریی رۆدری لەم وەرزە لەوکاتەدا دەرکەوت کە بۆ سێ یاریی سڕکرا و مان سیتی هەر سێ یارییەکەی لە پرێمەرلیگ دۆڕاند.

رۆدری کە ئێستا باشترین ناوەڕاستکاری چەقە، هاوینی داهاتوو لەگەڵ ئیسپانیا بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکات.

Harry Kane Bayern Munich 2023-24

6- هاری کەین

لە یەکەم وەرزی یاریکردنی لەگەڵ بایرن میونشنی ئەڵمانی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 41 گۆڵ و 12 ئەسیستی کردووە، هاری کەین کە هەرگیز لە کاروانی وەرزشی خۆیدا هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، ئەم وەرزەش لەگەڵ یانەکەی کێبڕکێ لەگەڵ بایر لیڤەرکوزن دەکەن بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانی بۆندزلیگا، لە چامپیۆنزلیگیش لە قۆناخی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی ئارسێناڵ دەبنەوە.

بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین لەگەڵ باڤارییەکان و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا چانسی هاری کەین بۆ کێبڕکێکردن لەسەر باڵۆن دۆری ئەمساڵ زۆرتر دەکات.

Mohamed Salah Liverpool 2023-24

7- محەمەد سەڵاح

لەم وەرزە لەگەڵ لیڤەرپوول لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 26 گۆڵ و 16 ئەسیستی کردووە و ئەستێرەی یەکەمی رێدزە کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەکەن و جامی کاراباویشیان بەدەستهێناوە.

ساڵی رابردوو سەڵاح لە ریزبەندیی خەڵاتی باڵۆن دۆر پلەی یازدەمی بەدەستهێنا و ئەمساڵیش بەهۆی شکستهێنانی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسڕ بۆ بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا و نەگەیشتنیان بە چامپیۆنزلیگ، تاکە هیوای بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ و یۆرۆپالیگە.

Vinicius Junior Real Madrid 2023-24

8- ڤینیسیۆس جۆنیۆر

ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید 18 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە و جامی سوپەری ئیسپانیاشی بەدەستهێناوە، گەرچی لە سەرەتای وەرز بەهۆی پێکانەوە ئامادە نەبوو، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەکات، هاوینی داهاتووش لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ بەدەستهێنانی کۆپا ئەمریکا بەربژێرە.

Antoine Griezmann Atletico Madrid Real Madrid

9- ئانتوان گریزمان

لەم وەرزە لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و 20 گۆڵ و 9 ئەسیستی بە درێسی رۆخی بلانکۆس کردووە، گریزۆ رۆڵی هەبوو لە سەرکەوتنی ئاتلێتی بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئەگەر هەڵبژاردەی فڕەنسا جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بباتەوە چانسی گریزمان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە زۆرتر دەبێت.

Bukayo Saka Arsenal 2023-24

10- بوکایۆ ساکا

لەم وەرزە لەگەڵ ئارسێناڵ ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکانی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ دەکەن، ساکا لەم وەرزە لەگەڵ گەنەرز 16 گۆڵ و 14 ئەسیستی کردووە و یەکێکە لە ئەستێرە کاریگەرەکانی یانە لەندەنییەکە.

ساکا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هاوینی داهاتوو بەشداریی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپاش دەکات و یەکێکە لەو یاریزانانەی گاری ساوزگەیت پشتی پێ دەبەستێت.

Cristiano Ronaldo throws shade at Lionel Messi, MLS - Bolavip US

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی کە ساڵانی رابردوو هەمیشە کێبڕکێی توندیان لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتە تاکە کەسییەکان دەکرد، هیوایان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر کەم بووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ساڵی رابردوو ناوی لە لیستی 30 بەربژێرەکەش نەبوو.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزە لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی 32 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە، بەڵام لە خولی رۆشنی سعوودی بە جیاوازیی 12 خاڵ کەوتوونەتە دوای هیلالی یەکەم و زەحەمەتە بتوانن نازناوەکە ببەنەوە، ئەگەر کریس هاوینی داهاتوو لەگەڵ پۆرتوگاڵ ببێتە پاڵەوانی یۆرۆ چانسی بۆ بەدەستهێنانی شەشەمین باڵۆن دۆر زۆرتر دەبێت.

لیۆنێل مێسی لەم وەرزە لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی 16 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە و جامی خولی ئەمریکی بەدەستهێناوە، لیۆ کە هەشت باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە و ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خەڵاتەکەی بردەوە، ئەگەر هایونی داهاتوو لەگەڵ ئارجێنتینا کۆپا ئەمریکا بباتەوە جارێکی دیکە چانسۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە زۆرتر دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button