ئینگلتەرا

کام یانانە لە پرێمەرلیگ مەترسی دابەزینیان لەسەرە؟

یاریگا –

لە پرێمەرلیگ، بڕیاری لێبڕینی 4 خاڵ لە نۆتینگهام فۆڕێست، دۆخێکی سەختی بۆ ئەم تیپە دروست کردووە و لە ناوچەی دابەزین نزیک بووەتەوە.

29 هەفتە بەسەر وەرزی 2023-2024ی پرێمەرلیگ تێپەڕی. لە کاتێکدا سەیری پێشبڕکێیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەکەین لە نێوان سێ تیپەکە بۆ پاڵەوانێتی، نابێت خوارەوەی خشتەکە لەبیر بکەین؛ لەو شوێنەی خاڵەکان زۆر نزیکن و یەک هەڵە دەتوانێت دوا هەڵە بێت بۆ ئەو یانەیە تاوەکوو بۆ چامپیۆنسشیپ دابەزن.

ئێستا کاتی ئەوەیە سەیرێکی بارودۆخی ئەم پێنج یانەیە بکەین لە ناوچەی دابەزین نزیک بوونەتەوە.

پلەی 15: برێنتفۆرد – 26 خاڵ

تۆماس فرانک هەر لەسەرەتاوە ئەم یانەیەی لەندەنی وەک رکابەرێکی سەخت بۆ گەورەکان و بەڵای شەش باشترینەکان ناساند.

بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی ئیڤان تۆنی تا مانگی یەک و نەبوونی سەقامگیری لە پێکهاتەی سەرەکیدا، تووشی زەرەرێکی زۆر بوون. هەنگەکان لە هەفتەی یازدەیەمەوە 14 جار توشی شکست بوون و لە 18 یاریدا تەنها 10 خاڵیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا گۆڵی زیاتریان لە خوێندکارەکانی تێنهاخ تۆمارکردووە. سەرەڕای هەموو ئەو لێکدانەوەیانە، بەدووری نازانرێت چیرۆکەکەیان لە پریمەرلیگ لێرە کۆتایی پێبێت.

پلەی 16: ئێڤەرتۆن 25 خاڵ

وەرزی رابردوو شۆن دایش توانی تیپەکەی لە خولەکەدا بهێڵێتەوە و دواجار لیستەر سیتی بۆ چامپیۆنسشیپ دابەزی، بەڵام چیرۆکی ئەمساڵ جیاوازە.

هەر پێش یارییەکەی هەفتەی 13 بوو لەگەڵ مانچیستەر یونایتد، هەواڵی لێبڕینی 10 خاڵ لە ئێڤەرتۆن بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یاری دادپەروەرانەی داراییەوە هات. ئەمەش بەو مانایە بوو کە لە پلەی 14 بۆ پلەی 19 دادەبەزن. بەڵام چوار سەرکەوتنی لەسەریەک دوای ئەم رووداوە بەشێک لە ئازارەکانی هاندەرانی کەمکردەوە.

بەڵام وا دیار بوو هیچ شتێک چاک نابێتەوە و دوای چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەک، ئێستا 11 هەفتەیە تامی بردنەوەیان نەکردووە و تەنها 5 خاڵیان بەدەستهێناوە. نزیکەی 20 رۆژ لەمەوبەر 4 خاڵ گەڕێنرایەوە بۆ تۆفیز، بەجۆرێک کە کۆی خاڵەکانیان لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا دەگاتە 9 خاڵ.

پلەی 17: لوتن تاون 22 خاڵ

لوتن تاون ئەمساڵ دوای 32 ساڵ گەڕایەوە بۆ بەرزترین ئاست و لە یاریگا بچووکەکەیدا میوانداری رکابەرە دەوڵەمەندەکانی کرد.
لوتن بە خراپی دەستی بە خولەکە نەکرد و لە ناوچەی دابەزین نەبوو، بەڵام لە هەفتەی 14 بەدواوە لە پلەی 18یەم دا بوو کە لەناکاو هەموو شتێک گۆڕا؛ یاریی بەرامبەر نۆتینگهام لە هەفتەی 29دا بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون بوو، بەڵام بڕیاری یەکێتی تۆپی پی وایکرد دوو یانەکە شوێنیان لە ریزبەندییەکە بگۆڕنەوە و لوتن لە پلەی 17 جێگیر بێت.

تا کۆتایی وەرز یارییە زۆر سەختەکان چاوەڕێیان دەکەن، ئەم رووداوەش نابێت ببێتە هۆی گەشبینییەکی درۆ لای یاریزانان و ستافی تەکنیکی تاوەکوو لە پرێمەرلیگ بیانهێڵێتەوە.

پلەی 18: نۆتینگهام فۆڕێست 21 خاڵ

نۆتینگهام بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک لە پرێمەرلیگ بەردەوامە و مەترسی دابەزینیان لە هەمووکات زیاترە.

هەر لە سەرەتاوە، بەو ئەنجامانەی بەدەست هاتوون، روون بوو کە دانیشتوانی سیتی گراند ئەمساڵ ئاسوودە نابن، دواجار سەبر و ئارامیی خاوەن یانەکە تەواو بوو و ستیڤ کوپەر لە راهینەرایەتی بۆتینگهام دوورخرایەوە. نونۆ ئیسپریتۆ سانتۆی پورتوگالی شوێنی گرتەوە، بەڵام تا ئێستا یازدە یاری تێپەڕیوە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەدی نەهاتووە، رووداوەکانی رۆژانی رابردوو و لێبڕینی خاڵ بارودۆخی قورستر کردن.

شەڕی ژیان و مردن ئەم هەفتەیە لە نێوان نۆتینگهام و لوتن بوو، ئەنجامەکەی لە یاریگادا 1-1 بوو؛ بەڵام لە دەرەوەی یاریگا، ئەوە بوو کە فۆڕێست چوار خاڵ لێبڕدرا بەهۆی تاوانە داراییەکانەوە بۆ ئەوەی پلەیەک لە ڕیزبەندیەکەدا دابەزێت. سێهەمی کۆتایی ئەم وەرزە دیاری دەکات کە ئایا ئەنجامەکانی ناو یارییەکان کاریگەرترن یان بڕیارەکانی بەڕێوەبەرانی پریمەرلیگ چارەنوسیان دیاری دەکات.
بەڕێوەبەرانی یانەکان 14 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەم بڕیارە و داوای تانەدان بکەن، بەڵام بەدووری نازانرێت لەم حاڵەتەدا هیچ شتێک رووبدات.

پلەی نۆزدەیەم: بێرنلی 17 خاڵ

ڤینسێنت کۆمپانی لە دووەم تاقیکردنەوەی راهێنەرایەتیدا بێرنلی گەیاندە پریمەرلیگ، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئاستی یەکەم و دووەمی تۆپی پێدا هەیە و ناتوانین کۆمپانی بە هۆکاری ئەنجامە خراپەکان بزانین.
لەم وەرزەدا دۆخی بێرنلی هەرگیز خۆش نەبووە و هەمیشە لە ناوچەی دابەزین بوونە تا هەفتەی 29 تەنها سێ جار بردنەوەیان بەدەستهێناوە، کە دوویان بەرامبەر لوتن تاون و شێفیڵد یونایتد بووە.

سەرکەوتنی ئەم هەفتەیان لە یارییەکی چارەنووسسازدا لەگەڵ برێنتفۆرد، هەندێک هیوای بۆ کەمپەکەیان گەڕاندەوە و ورەیانی بەرزکردەوە. بێگومان نابێت ئەو رووداوانەی بەسەر فۆڕێستدا هاتووە پشتگوێ بخرێن، چونکە ئەم بابەتە ئەگەری مانەوەی بێرنلیشی زیاد کردووە.
بەڵام بێرنلی پێویستی بە موعجیزە هەیە، ئەگینا چیرۆکی بێرنلی لە پرێمەرلیگدا پێویستە بە کۆتایی هاتن لەبەرچاو بگیرێت.

پلەی بیستەم: شێفیڵد یونایتد 14 خاڵ

شێفیڵد یونایتد ئاستێکی زۆر خراپی پێشکەش کردووە، 74 گۆڵی لێکراوە و 24 گۆڵیشی کردووە، نەک تەنها لە هەردوو بەشەکەدا خراپترینە، بەڵکو لە پلەی کۆتاییشدایە.

بەرێوبەرانی یانەکە، دوای ئەوەی لە هەفتەی 14 دا بە ئەنجامی 5-0 بەرامبەر بێرنلی تووشی سکست بوون، پۆل هێکینگبۆتۆمیان لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کریس وایڵدەریان لە شوێنی دانا. ئەم هەنگاوە بۆ شێفیڵد کاریگەر نەبوو و پێگەی ئەوانیش نەگۆڕا. لەم وەرزەدا 6 دۆڕانی و 4 گۆڵیان ئەزموون کردووە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەم 6 یارییەدا نیوەی ئەو گۆڵانەی لە تەواوی وەرزەکەدا لێان کراوە تۆمارکراون. چوار لە دۆڕاندنەکان لە یاریگای خۆیاندا بووە و دۆڕاندنەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 8-0 خراپترین شکستی تیپێک بووە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانە دەتوانین بڵێین چارەنووسی شێفیڵد لە پریمەرلیگدا دیارە و لە نێو گەورەکاندا جێگەیان بۆ نەماوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button