ئیتاڵیاگرنگترین

ئەیسی میلان رووبەڕووی کێشەی نوێ بووەتەوە و ناتوانێت بەشداری چامپیۆنزلیگ بکات

یاریگا –

ئەیسی میلان رووبەڕووی کێشەیەکی جددی بووەتەوە کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی وەرزی داهاتوو نەتوانێت بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بکات.

میلان وەرزی رابردوو بە سەختی سێریا ئەی بەسەر برد و ئەم وەرزە بارودۆخی باشتر بووە و توانیویەتی خۆی بگەیەنیتەوە ریزەکانی یەکەمی خولەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە پۆلیسی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە فرۆشتنی یانە ئیتاڵییەکە دەستی بە پشکنین کردووە. داواکارانی گشتی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستە دەکەن کە کۆمپانیای RedBird Capital Partners لە ساڵی 2022دا خاوەندارییەتی ئەیسی میلانیان لە ئیلییۆت مەنجەمەنێت کڕیوەتەوە.

ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیلییۆت هێشتا خاوەنی یانەکەیە و کۆنترۆڵی یانەکە دەکات و جۆرجۆ فورلانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێستای یانەکە و ئیڤان گازیدیس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی یانەکە گوایە هەندێک زانیارییان ئاشکرا نەکردووە کە پەیوەندییان بە خاوەندارێتی یانەکەوە هەیە.

بەهۆی ئەم بابەتەوە میلان رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە کە وای لێدەکات بۆ دوو ساڵ لەسەر یەک نەتوانێت بەشداری چامپیۆنزلیگ بکات. ئەویش ئەگەر سەلمێندرا گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەم یانەیە لە کۆمپانیای ئیلییتی ئەمریکی بۆ رید بێرد بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام نەدراوە، رووبەڕووی پێبژاردنێکی بەرچاو دەبنەوە.

بەڵام ئەمە تاکە سزایەک نییە کە بۆ ئەم یانەیە لەبەرچاو گیراوە، ئەگەری ئەوەش هەیە لەڕووی وەرزشی لە پاڵەوانێتییەکانی خولی ئیتاڵیادا سزا بدرێن و هەروەها لە وەرزی داهاتوودا لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە لە بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دووت بخرێنەوە.

یەکێک لە پارێزەرە یاساییە وەرزشییەکان لەو بارەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە:

ئەگەر میلان بەڵگەنامە راستەقینەکانی شاردبێتەوە و هاوشێوەی ئەو بەڵگەنامانە نەبێت کە پێشکەشیان کردووە، ئەوا ئەم یانەیە رووبەڕووی دوورخستنەوە لە رکابەرییە ئەوروپییەکان دەبێتەوە و سزا دەدرێت. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن یوێفا لەسەر سزای تایبەت وەک رێگەنەدان بە گواستنەوەکان یان خەرجنەکردنی زیاتر لە بڕە پارەیەکی دیاریکراو رێک بکەون.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا پێشتر دۆسیەیەکی لەم بارەیەوە تۆمار کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات، داواکاری گشتیش بڕیارە لەو بارەیەوە پێداچوونەوە بە هەموو بەڵگەنامەکاندا بکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی کۆتایی و دیاری بکات کە ئایا پێشێلکارییەک لەم نێوەندەدا روویداوە یان نا؟ ئەگەری هەیە لەم بوارەدا شتێکی هاوشێوەی ئەوەی بەسەر یوڤێنتوسدا هات دووبارە ببێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button