عێراقگرنگترینمۆندیالی 2026

کاساس لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی عێراقی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال راگەیاند

یاریگا –

کاساس لیستی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ دوو یارییەکەی بەرامبەر فیلیپین لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 راگەیاند، کە لیستەکەی لە 27 یاریزان پێکهاتووە و چوار یاریزانی کوردی تێدایە.

لەو لیستەی خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاندووە، پێچەوانەی پێشبینییەکان بانگهێشتی ئاکام هاشم بەرگریکاری یانەی هەولێر و عەلی کازم گۆڵپارێزی زاخۆ نەکراوە، بەڵکو بانگهێشتی محەمەد ساڵح گۆڵپارێزی دهۆک کراوە، کاساس بانگهێشتی چوار یاریزانی کوردی کردووە کە بریتین لە ئەحمەد یاسین، یوسف ئەمین، ئوسامە رەشید و مێرخاس دۆسکی.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە خیسۆس کاساس چەند یاریزانێکی بانگهێشت نەکردووە، ئەحمەد یەحیا بەهۆی پێکانەوە بانگهێشت نەکراوە، عەلی حەمادی هێرشبەری ئیپسویچ تاون لەسەر داوای خۆی بانگهێشت نەکراوە و دانیلۆ سەعدیش هێشتا بە تەواوەتی لە رووی دەروونییەوە ئامادە نییە.

لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی عێراق:

گۆڵپارێز: جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، محەمەد ساڵح.
بەرگریکاران: رێبین سولاقا، زەید تەحسین، مەناف یونس، فرانس پوتروس، سەعد ناتق، موستەفا سەعدون، حوسێن عەلی، مێرخاس دۆسکی، زورغام ئیسماعیل.
ناوەڕاستکاران: ئەمیر عەماری، سەفا هادی، ئوسامە رەشید، زیدان ئیقبال، عەبدولڕەزاق قاسم، لوئەی عانی، عەلی جاسم، بەشار رەسن، مونتەزیر ماجد، حەسەن عەبدولکەریم، ئیبراهیم بایش.
هێرشبەران: ئەحمەد یاسین، یوسف ئەمین، ئەیمەن حوسێن، موهەنەد عەلی.

رۆژی هەینی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە دەست بە کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ دوو یارییەکەیان بەرامبەر فیلیپین ئامادە بکەن، کە رۆژی 21ـی ئەم مانگە لە فیلیپین بەیەک دەگەن و دوای پێنج رۆژی دیکە لە بەسرە هەردوو هەڵبژاردە لە پاڵاوتنی ئاسیا بۆ مۆندیال بەیەک دەگەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button