ئیسپانیا

جارێکی دیکە خاڤیێر تیباس هێرشێکی توند دەکاتە سەر ریال مەدرید

یاریگا –

جارێکی دیکە خاڤیێر تیباس هێرشێکی توندی کردووەتە سەر ریال مەدرید و لەبارەی راپۆرتە ڤیدیۆییەکانی کەناڵی ریال مەدرید لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دەڵێت ‘بەهای ئێوە لەکوێیە؟’.

خاڤیێر تیباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی مۆڤیستار پلەسی ئیسپانی دەڵێت :’راپۆرتە ڤیدیۆییەکانی ریال مەدرید دوودڵی و دڕدۆنگی دروست دەکەن، ئاساییە خەڵکانێک لە ناوبژیوانان تووڕە بن، بەڵام ناکرێت دوودڵی و دڕدۆنگی دروست بکەن’.

هەروەها تیباس دەشڵێت :’ئێمە وەکو کۆمەڵەی لالیگا هەموو هەوڵێک دەدەین رێگری لەم شتانە بکەین، رەخنەگرتن لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان شتێکی ئاساییە، بەڵام نەک وەکو ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات، پێش یارییەکان باسی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دەکات، ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات هەڵەیە، لەگەڵ بەها و پێگەی یانەکە یەکناگرێتەوە، ئەمە لێدانە لە سیستەمی وەرزشی’.

دووەمجارە تیباس رەخنە لە راپۆرتە ڤیدیۆییەکانی کەناڵی ریال مەدرید دەگرێت و پێشتریش لەبارەی کارەکانی کەناڵی ریال مەدرید گوتبووی ‘ئەوەی کەناڵی ریال مەدرید دەیکات بەشێک نییە لە ئازادی رادەربڕین، بەڵکو ئەوە لێدانە لە سیستەمی وەرزشی، رەخنەگرتن بەسوودە، بەڵام ئەوەی هەموو هەفتەیەک کەناڵی ریال مەدرید دەیکات سووکایەتی پێکردنە، ئەمەش لەگەڵ ریال مەدرید یەکناگرێتەوە’.

ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگا پێش و پاش یارییەکانی لە کەناڵی فەرمی خۆی بە ڤیدیۆی شرۆڤەی بڕیار و هەڵەکانی ئەو ناوبژیوانانە دەکات کە بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی ریال مەدرید دەستنیشان دەکرێن، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەشێک لە یانە ئیسپانییەکان و کۆمەڵەی لالیگا.

بابەتی زیاتر

Back to top button