سعودیە

بێنزێما بۆ یارییەکەی بەرامبەر هیلال بانگهێشت ناکرێت

یاریگا –

گایاردۆ، راهێنەرە ئەرجەنتینیەکەی ئیتیحاد، کەریم بێنزێمای لە لیستی یاریزانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هیلال دوور دەخاتەوە.

کەریم بێنزێما هەفتەی رابردوو لە کاتی مەشقەکانی ئیتیحاد تووشی پێکان بوو، بەهۆی ئەم پێکانەش رۆژی هەینی لە هەفتەی 22ی خولی رۆشەنی سعودیەدا نەیتوانی هاوکاری تیمەکەی بکات.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تیمی پزیشکی یانەی ئیتیحاد هەوڵێکی زۆریان بۆ چارەسەرکردنی هێرشبەرە فەرەنسییەکە بۆ دیدارەکەی بەرامبەر هیلال داوە، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەبچێت.

بەڵام رۆژنامەی ریازییە رایگەیاند، گایاردۆ بڕیاریداوە ناوی بێنزێما لە لیستی یاریزانانی ئیتیحاد بۆ ئەم یارییە دەربکات و بڕیاریداوە ناوی پێنج یاریزانە پیشەگەرەکەی تری بۆ ئەم یارییە رابگەیەنێت.

سەرچاوە سعودییەکان هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد کە راهێنەرە ئەرجەنتیینیەکە بڕیارە یاریزانەکانی وەک؛ عبدالرزاق حەمدەللە و رۆمارینهۆ و فابینهۆ و ئێنگۆلۆ کانتێ و ئەحمەد حیجازی بۆ ئەم یارییە بانگهێشت بکات.

ئیتیحاد و هیلال بڕیارە لە قۆناخی هەشتی جامی یانە پاڵەوانانی ئاسیا رۆژی سێشەمە کاتژمێر 21:00 لە یاریگای کینگدۆم ئارێنا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button