کوردستان

دارا محەمەد: لەبەر ئەوەی یارییەکەمان پێ نەفرۆشتن یانەی کۆیە پەلاماریان داین و چوار یاریزانیان بریندار کردین

راهێنەری خاک لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر کۆیە لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا نهێنییەکانی پشتەوەی رووداوەکان ئاشکرا دەکات و ‘نهێنیی مەترسیدار’ ئاشکرا دەکات.

لە خولی پلە یەکی کوردستان، خاک بووە میوانی کۆیە و لە دوایین خولەکەکان خاک گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و هەردوولا 2-2 یەکسانبوون، بەهۆی یەکسانبوونەکەیان کۆیە لە سەرکەوتنیان بۆ خولی نایابی کوردستان بێ هیوابوون و هێرشیان کردە سەر یاریزانان و راهێنەری یانەکەی کەرکووک.

دارا محمەد راهێنەری یانەی خاک یانەی لەبارەی ڕووداوەکای یارییەکەی کۆیە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:’ ئێمە یاریزانێکی پیشەگەری ئێرانیمان هەیە و یانەی کۆیەش دوو یاریزانی پیشەگەری ئێرانی هەیە، یانەی کۆیە لە ڕێگای ئەم یاریزانانەی خۆیان پەیوەندییان بە یاریزانەکەی ئێمە کردبوو بۆ ئەوەی یارییەکەیان پێبدات یاخود ئاسانکارییان بۆ بکات لە گۆڵ تۆمار کردن، یاریزانەکەی ئێمەش رازی نەبووە ئەم کارە بکات بۆیە هەڕەشیان لێدەکرد’.

ڕاهێنەرەکەی دەڵێت سەرۆکی یانەی کۆیەش داوای کردووە یاریەکەیان پێبدەن و دەڵێت:’ لە کاتی یارییەکەش یاریدەدەرەکەم هاتە لام گوتی سەرۆکی یانەی کۆیە دەڵێت ئێمە یەک حزبین یاریەکەمان پێبدەن، بەڵام من بابەتەکەم بە ئاسایی وەرگرت و گوێم پێنەدا، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە ڕاهێنەری یانەی کۆیە و برایەکی هێرشیان کردە سەر یاریزانە ئێرانییەکەی ئێمە، منیش یاریزانەکەی خۆمانم پاراست گوتم ناکرێ بەو شێوەیە وەرزش بکەن دوای ئەوە قسەی ناشرینیان بە منیش گوت و چەند بۆکسێکیشیان لێدام’.

دارا محەمەد دەشڵێت :’سوپاسی پیاوانی پۆلیسی شاری کۆیە دەکەین کە ئێمەیان پاراست و بە ئۆتۆمبێڵی تایبەتی سەربازی ئێمەیان گواستەوە بۆ دەرەوەی شار نزیک پاسی یانەکەمان، بەڵام دوو پۆلیس دەرگای هاتنە ژوورەوەیان کردەوە کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چوار یاریزانمان بریندار بکرێن و پزیشکی یانەکەشمان لوتی شکێنرا، شاری کۆیە وەرزش دۆستن و خەڵکێکی تێگەیشتوون ئەوەی ئەم کارانەیان کرد بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و لە ڤیدیۆکان دیارن کێن بۆیە هیوادارم یەکێتی تۆپی پێی کوردستان مافی ئێمە وەربگرێتەوە و جارێکی دیکە یاریگاکانی کوردستان تووشی ئەم جۆرە ڕووداوانە نەبێت’.

کۆیە ئێستا خاوەن 30 خاڵە لە ڕیزبەندی سێیەم دێت و دواگەڕی خولەکەش دەبێتە میوانی سلێمانی، سەرکەوتنی کۆیە بۆ ڕیزی نایاب بەندە بە شکستی یانەی ڕزگاری خاوەن 32 خاڵ بەرامبەر شۆڕجە و سەرکەوتنی خۆی بەرامبەر سلێمانی.

Back to top button