ئیسپانیائینگلتەرایاریگا

بارسێلۆنا هەوڵی بەدەست هێنانی هالاند دەدات

یاریگا –

دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا، دوێنێ لەگەڵ رافایلا پیمێنتا، بەڕێوبەری کارەکانی ئێرلینگ هالاند کۆبوویەوە.

هالاند لەو کاتەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر سیتیەوە کردووە، بووەتە ئەستێرەی دیاریی تیپەکە و لە وەرزی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە سەرکەوتنی تیپەکەی گواردیۆلا بۆ بەدەستهێنانی سێ ناسناوەکە.

زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا ئارەزووی ڤایکینگەکەی سیتی دەکەن، هەمیشە ناوی ریال مەدریدیش لە تەنیشت ناوەکەیەوە دەبیسترا. بەڵام ئێستا پێدەچێت دۆخەکە گۆڕاوە کیلیان ئێمباپێ لە هاویندا پەیوەندی بە مەدریدییەکانەوە دەکات.

شەوی رابردوو وێنەی بەڕێوەبەری بەرنامەی ئەم یاریزانە لە بارسێلۆنا بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ دیکۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدابوو و پێدەچێت ئامانجی کۆبوونەوەکە، گواستنەوەی ئەستێرە نەرویجییەکە بێت لە سیتیەوە بۆ بارسا، بۆیە دەکرێت چاوەڕێی هاوینێکی سەرنجڕاکێش بین بۆ یانە کاتالۆنییەکە.

زۆرێک لە رۆژنامەنووسانی نزیک لە بارسێلۆنا پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە کە گواستنەوەی ئەم یاریزانە خەونی خوان لاپۆرتایە و ئەو هەموو هەوڵێک دەدات لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەم یانەیەدا بتوانێت هالاند بگوازێتەوە بۆ بارسێلۆنا.

جیرارد رۆمیرۆ، رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی ئیسپانی سەبارەت بەم دیدارە گوتی:

پیمێنتا بەڕێوەبەری بەرنامەی چەند یاریزانێکی بەناوبانگی دیکەیە. لەم دیدارەدا کە سێ کاتژمێری خایاند لەگەڵ دیکۆ، زۆرێک لە یاریزانەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەڵام تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان هالاند بووە. ئایا ئەم گواستنەوەیە قورسە؟ بەڵێ. ئایا مەحاڵە؟ نەخێر.”

بابەتی زیاتر

Back to top button