ئه‌وروپا

ئەگوێرۆ دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێ رەت دەکاتەوە

یاریگا –

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەستێرەی ئەرجەنتینی مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا، دەنگۆ و هەواڵەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێ رەتکردەوە.

لە دوای ماڵئاوایی کردنی لە تۆپی پێ، ئەگوێرۆ لە پلاتفۆڕمی تویچ بۆ ڤیدیۆ گەیم چالاک بووە و زۆرجار یاری تۆپی پێ دەکات بەڵام بە شێوەیەکی پیشەگەرانە نا. لە سەرەتای نوێترین چاتی راستەوخۆی لە پلاتفۆڕمی تویچ، ئەگوێرۆ پەیوەندی بە پزیشکی دڵی خۆیەوە کرد بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ئەویش تەندروستی ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتین پشتڕاستکردەوە.

ئەمەش هۆکاری دەنگۆی گەڕانەوەی ئەگوێرۆی بۆ تۆپی پێ بوو و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرا کە دەگەڕێتەوە بۆ یانەی ئیندیپێندێنتی کە لە منداڵی لەو یانەیەوە دەستی پێکردبوو.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە، ئەگوێرۆ شەوی رابردوو لە تویچ دا گوتی:

دەزانم کە ئێوەش زۆرێک لەو هەواڵ و دەنگۆیانەتان  سەبارەت بە گەڕانەوەم بیستووە، دەبێت بڵێم هەموویان درۆن. ناگەڕێمەوە بۆ ئیندیپێندێنت چونکە لە بنەڕەتدا هەرگیز دەست بە یاری کردن ناکەمەوە. ئەو رۆژە لەگەڵ پزیشکی دڵم قسەم کرد و ئەویش تەندروستی منی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە بگەڕێمەوە بۆ تۆپی پێی پیشەگەرانە. لە تۆپی پێدا  پێویستت بە ئامادەکارییەکی گەورەیە و دەبێت زۆر شتی تر بکەیت کە من ئیتر ناتوانم ئەنجامی بدەم.

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەفسانەی یانەی مانچێستەر سیتی و باشترین گۆڵکاری مێژووی ئەم یانەیە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە سەرەتای ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا ناچار بوو زوو واز لە یاری کردن بهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button