جیهانگرنگترین

فیفا پڕۆژەیەکی نوێ بۆ یارییەکانی دۆستانە ئاشکرا دەکات

ئیتر هەڵبژاردەکان لە چەند وڵاتێک کۆدەکرێنەوە

یاریگا –

فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ شێوازێکی نوێی یاری دۆستانە بۆ لە پشووی فیفا دەستپێدەکات.

فیفا پڕۆژەیەکی فراوانی بۆ یاری دۆستانە ئامادەکردووە و دەیەوێت چەند هەڵبژاردەیەک لە ماوەکانی دیاریکراوی فیفادا، لە شوێنێک کۆبکاتەوە و هەڵبژاردەکانی یاری دۆستانە لەگەڵ یەکتر بکەن.

مانگی داهاتوو یەکەم وەشانی پڕۆژەکە لە چوار وڵات وەک تاقیکاری دەستپێدەکات. هەرچەندە هیچ خەڵات و نازناوێکی تێدا نابێت، بەڵام فیفا دەیەوێت دەرفەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی کیشوەرە جیاوازەکان زیاد بکات، فیفا خەرجی گەشتکردنی هەڵبژاردەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

پڕۆژەکە بە ناوی ‘فیفا سیریەس – Fifa Series’، بڕیارە لە 18 بۆ 26ی مانگی داهاتوو لە وڵاتانی سعودیە، جەزائیر، ئازەربایجان و سریلانکا بە بەشداری چوار هەڵبژاردە لە هەر وڵاتێک بەڕێوەبچێت.

ئێلخان مامادۆڤ، بەڕێوەبەری یەکێتیی هەرێمی فیفا بۆ ئەوروپا روونیکردەوە

هەندێ هەڵبژاردە هەن، تاوەکو ئێستا یارییان بەرامبەر هەڵبژاردەی کیشوەرەکانی دیکە نەکردووە، دەتوانن ئەزموونێکی جیاواز لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەکانی دیکە وەربگرن. 20 هەڵبژاردە لە وەشانی تاقیکاری پڕۆژەکەدا هەن، هیوادارین بۆ وەشانی 2026 ژمارەی هەڵبژاردەکان زۆر زیاتر بن.

مەرج نییە ئەو وڵاتەی میوانداری فیفا سیریەس دەکات، بەشداری لە یارییەکاندا بکات، چونکە ئامانج لە پڕۆژەکە، رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو هەڵبژاردانەی هەرگیز بەشداری مۆندیالیان نەکردووە.

فیفا خەریکی رێکخستنی کاروباری گواستنەوەی تەلەڤزیۆنییە و دەیەوێت کەناڵەکانی ناوچەی دیاریکراو، یارییەکان راستەوخۆ بگوازنەوە.

فیفا تەنیا ئاسانکاری بۆ رێکخستنی فیفا سیریەس دەکات و بە هیچ شێوەیەک یارییەکان رێکناخات،

بابەتی زیاتر

Back to top button