ئه‌مریکاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئینتەر مەیامی بۆ نازناوەکە بەربژێرە؛ سبەی مێسی شریتی وەرزی نوێی خولی ئەمریکی دەبڕێت

یاریگا –

بەرەبەیانی پێنجشەممە وەرزی نوێی خولی ئەمریکی ناسراو بە MLS  دەست پێ دەکات، ئینتەر مەیامی بە پشتیوانی ئەستێرەکانی پێشووی بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بەربژێرە.

بۆیەکەمجار مێسی شریتی وەرزی نوێی MLS دەبڕێت

سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیان (بەکاتی هەولێر) لە یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەمریکی، ئینتەر مەیامی میوانداریی ریال سۆڵت لەیک دەکات، مێسی و هاوڕێیەکانی شریتی وەرزی نوێی خولەکە دەبڕن.

لیۆنێل مێسی کە هاوینی ساڵی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی ئینتەر مەیامی کرد و لە ناوەڕاستی وەرزەوە لە خولی ئەمریکی دەستی بە یاریی کرد، ئەم وەرزە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ لیۆ لە سەرەتای وەرزەوە بەشداریی خولەکە دەکات و هاندەرانی ئینتەر مەیامی چاویان لە مێسییە بۆیەکەمجار بیانکاتە پاڵەوانی MLS .

بەهۆی بوونی چوارینەی پێشووی بارسێلۆنا (لیۆنێل مێسی، لویس سوارێز، خۆردی ئالبا، سێرخیۆ بۆسکێتس) لە ئینتەر مەیامی، ئەم وەرزە یانە پەمەیی پۆشەکە بەربژێری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، بەڵام رخۆردی ئالبا پێش یاریی یەکەمیان دەڵێت :’راستە چەندان یاریزانی بەناوبانگ لە ئینتەر مەیامی یاریی دەکەین، بەڵام هیچ نییە ئەگەر لەناو یاریگا نەتوانین بیسەڵمێنین، بۆیە بوونی ئەو ئەستێرانە هیچ گرنگ نییە ئەگەر بە کردار هەستی پێنەکرێت، ئێمە هەوڵ دەدەین سەرجەم نازناوەکان بۆ یانەکە ببەینەوە، بەڵام ئەم کارە هەروا ئاسان نییە’.

خولی ئەمریکی؛ ئەو خولەی لە هیچ خولێکی دیکەی جیهان ناچێت

خولی ئەمریکی ناسراو بە MLS لە هیچ خولێکی دیکەی جیهان ناچێت، خەسلەتە سەیروسەمەرەکانی ئەم خولە تەواو جیاوازن، تاکە خولی جیهانە وەرزی نوێی خولەکە لە مانگی شوبات دەستپێبکات، دابەزین لەم خولە نییە، راستە خولەکە بەناوی ئەمریکایە، بەڵام یانەکانی کەنەداش بەشداریی خولەکە دەکەن.
خولەکە کە 26 یانە لە 26 ویلایەتی جیاوازی ئەمریکاوە بەشداریی خولەکە دەکەن و سێ یانەش لە کەنەداوە لەم خولە کێبڕکێ دەکەن.
سیستەمی بەڕێوەچوونی ئەم خولە هاوشێوەی خولی باسکەی ئەمریکایە، یانەکان لە رووی جوگرافیاوە دابەشی بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەکرێن و هەر یانەیەک لە وەرزێک 34 یاریی دەکات، لە کۆتایی وەرز خاوەنی پلەی یەکەم تاکو هەژدەم دەگەنە قۆناخی کۆتایی خولەکە و نازناوی خولەکە یەکلا دەکەنەوە.MLS ساڵی 1996 بە بەشداریی 10 یانە دەستیپێکردووە و لۆس ئانجلۆس گالاکسی بە پێنج نازناو خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی خولەکە، ئینتەر مەیامی هەرگیز نازنآوەکەی بەدەست نەهێناوە.

لیۆنێل مێسی یەکەم ئەستێرەی گەورە نییە لەم خولە یاریی بکات، وەرن با پێتان بڵێم کێ و کێ لە ئەمریکا یارییان کردووە، پێلێ ئەفسانەی کۆچکردووی بەڕازیلی ساڵی ١٩٧٥ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ریزی یانەی نیویۆرک کۆزمۆس یاریی کردووە.
لۆتەر ماتیۆس، تێری هێنری، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ریکاردۆ کاکا، ستیڤن جیرارد، وەین روونی، فرانک لامپارد، دیدیێ درۆگبا و سێباستیان شڤاینشتایگەر لە دیارترین ئەو ئەستێرانەن لە رابردوو لە خولی ئەمریکی یارییان کردووە.
Image

ئینتەر مەیامی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزە بەربژێرە

نرخی خولی MLS لە بۆرسە ملیارێک و 200 ملیۆن یۆرۆیە، ئینتەر مەیامیش گرانبەهاترین یانەیە لە خولەکە و نرخی دەگاتە زیاتر لە 85 ملیۆن یۆرۆ، لیۆنێل مێسیش گرانبەهاترین یاریزانی خولەکەیە و لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی دەگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ.

ئەم وەرزە خولەکە رووبەڕووی ئالنگارییەکی گەورە بووەتەوە، هەشت رۆژ لەمەوبەر کۆمەڵەی ناوبژیوانە پیشەگەرەکانی خولەکە بڕیاریان دا ئەگەر پاداشتە داراییەکانیان زیاد نەکرێت هیچ یارییەکی وەرزی نوێ بەڕێوە نابەن، بۆیە لەوانەیە خولەکە لەلایەن ئەو ناوبژیوانانە بەڕێوە ببرێت کە نێودەوڵەتی نین و لەلایەن فیفاوە دانیان پێدانەنراوە.
ئەم وەرزە بۆ خولەکە تەواو جیاواز دەبێت، چاوێکی زیاتر لەسەر خولەکە دەبێت، وەرزی رابردوو ژمارەی بەشداربووانی ئەپل تیڤی کە تەنیا لەوێ یارییەکانی خولەکەی لێ پەخش دەکرێت، 700 هەزار کەس بوو، کەچی ئێستا دوای پەیوەندیکردنی مێسی ژمارەی بەشداربووانی ئەپل تیڤی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس.

کوڕانی تاتا مارتینۆ لە دەستپێکی وەرز ئەرکیان سەخت دەبێت، لە گەڕی دووەم دەبنە میوانی لۆس ئانجلۆس گالاکسی، لە گەڕی سێیەم میوانداریی ئۆرلاندۆ سیتی دەکەن، دواتر لە گەڕی چوارەم و پێنجەم رووبەڕووی مۆنتریال و دی سی یونایتد دەبنەوە، لە گەڕی شەشەم و حەفتەمیش رووبەڕووی نیویۆرک رێد بوڵز و نیویۆرک سیتی دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button