ئه‌ڵمانیاگرنگترین

زیدان بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی بایرن میونشن بەربژێرە

یاریگا –

زیدان یەکێکە لەو بەربژێرانەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن بگرێتە ئەستۆ، کە تۆماس تۆخێل بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە لێواری دوورخستنەوەدایە.

کەناڵی سکای سپۆرتی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی لە پاڵ چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری ئیسپانی بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری بایرن میونشن، لەکاتێکدا زیزۆ لەوەتەی هاوینی 2021 دوای بەجێهێشتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی نەکردووە.

لەدوای بەجێهێشتنی لە ریال مەدرید، ناوی زیدان بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا، یانەکانی پاریس سانجێرمان چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و یۆڤێنتوس هاتووە، بەڵام ئەم دەنگۆیانە نەبوونەتە کردار و هیچ گفتوگۆیەکی جددی نەکراوە.

بایرن میونشن لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوو تووشی سێ دۆڕانی لەسەریەک بوو، بەرامبەر بایر لیڤەرکووزن، لازیۆ و بۆخوم تووشی شکست بوو، لە بۆندزلیگا هەشت خاڵ لەدوای لیڤەرکووزنی پێشەنگەوەیە، لە جامی ئەڵمانیاش هەرزوو کرایە دەرەوە، لە چامپیۆنزلیگیش لە یاریی چوون بە لازیۆ دۆڕا و لە لێواری کرانە دەرەوەیەتی لە قۆناخی 16.

بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا ئەڵمانییەکان، بەرپرسانی بایرن میونشن بە ئەزموون و کەسایەتی زیدان سەرسامن و دەیانەوێت ئەرکی راهێنەرایەتی یانە باڤارییەکەی پێ بسپێرن.

بابەتی زیاتر

Back to top button