جیهانگرنگترین

پێنج گۆڕانکاری گەورە لە یاساکانی تۆپی پێ دەکرێن

لەپێناو چێژی یارییەکان

یاریگا –

ئەنجومەنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ چەند یاسایەکەی نوێ بۆ تۆپی پێ زیاد دەکات.

رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ یاسایەک بۆ یاریی تۆپی پێ زیاد دەکات، کە رێگە بە ناوبژیوانان دەدات لە کاتی درووست بوونی هەر شەڕ و ئاژاوەیەک لە ناو یاریگا یارییەکە رابگیرێت.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجومەنەکە لە سکۆتلەندا کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی بکات، لە کۆبوونەوەکەدا تاو توێی چەند یاسایەک دەکرێت.

بەپێی دەقی یاساکە لەکاتی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە یاریگادا، ناوبژیوان دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت بۆ چەند خولەکێک یارییەکە رابگرێت تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

ئەگەر لە کۆبوونەوەکە رووناکی سەوز بۆ یاساکە هەڵبکرێت ئەوا راستەوخۆ دەچێتە قۆناخی تاقیکاریی، دواتریش هەنگاو لە دوای هەنگاو یاساکە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییە فەرمییەکاندا دەچەسپێندرێت.

ئامانج لەم یاسایەش کەمکردنەوەی توند و تیژی و باشترکردنی رەفتاری یاریزانان، راهێنەران و هاندەرانە.

یەکێتی تۆپی پێی ئینگڵتەڕا بەنیازە لە یارییەکانی جامی یەکێتیی ئینگڵتەڕا لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان ئەو یاسایە بخاتە قۆناخی تاقیکارییەوە.

هاوکات ئەنجومەنەکە تاوتوێی یاسایەکی دیکە دەکات، کە هاوشێوەی یاری رەگبی تەنیا کاپتنەکان بۆیان دەبێت لەگەڵ ناوبژیوانانی یارییەکان گفتوگۆ بکەن.

یاسای سێیەمیش کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە بەفیڕۆدانی کات لەلای گۆڵپارێزەکان، بەپێی یاساکە هەر گۆڵپارێزێک کات بەفیڕۆ بدات سزا دەدرێت بە هەژمارکردنی کۆڕنە بۆ تیپی بەرامبەر.

یاساییەکی دیکەش کە لە ساڵی داهاتووەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردن، بریتییە لەوەی ئەگەر یاریزانێک بە ئەنقەست لە ناوچەی سزا دەست لە تۆپ بدات ئەوا بە کارتی سووری راستەوخۆ دەکرێتە دەرەوە.

هەروەها مارک بولینگهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا و ئەندامی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ دەڵێت تاوتوێی یاسایەکی دیکە دەکەین لەبارەی فاوڵە تاکتیکییەکان.

بەپێی یاسا نوێیەکە سزای فاوڵی تاکتیکی لە کارتی زەرد دەگۆڕن بۆ کارتی سوور، چوونکە بەڕای بینەران ئەو جۆرە فاوڵانە چێژی یارییەکان کەمدەکەنەوە.

Back to top button