ئاسیاعێراق

یانەیەکی ئێرانی گرنگی بە تواناکانی عەلی جاسم دەدات

یاریگا –

یانەی سێپاهانی ئێرانی گرنگییەکی زۆر بە ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و هێرشبەری یانەی قوەجەوییە، عەلی جاسم دەدات و چەندین جار لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانی ئەم ئەستێرەیە دانوستاندیان کردووە.

یانەی سێپاهان بەمەبەستی ئەنجامدانی کەمپێکی ئامادەکاری گەشتی قەتەری کردووە و لەوێ خۆیان بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەکەن و چەندین یاریی دۆستانەش ئەنجام دەدەن.

ستافی بەڕێوبەرایەتی یانەی سێپاهان و یاریدەدەرەکانی مۆرایس، راهێنەرە پۆرتوگالیەکەی یانەکە کە لە قەتەرن ئامادەی یارییەکەی نێوان عێراق و ئوردن بوون و لە نزیکەوە سەیری یارییەکەیان کرد. یەکێک لە ئەرکە تایبەتەکانی هوگۆ ئەلمێدا و هاوکارەکانی چاودێریکردنی عەلی جاسم بوو، ئەو یاریزانەی کە مۆرایس دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا بیگوازێتەوە پێکهاتەی یانەکەی.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە میدیا عێراقییەکان و ئێرانییەکان دەنگۆی زۆر لەسەر پەیوەندیکردنی عەلی جاسم بۆ سێپاهان بڵاوبووەتەوە، دەنگۆی ئەوەی تەنانەت پێش کۆبوونەوەی نێوان ئوردن و عێراق گەیشتە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەش، ئەستێرە لاوەکەی هەڵبژاردەی عێراقیش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە داهاتووی خۆی گوتی:

چەندین ئۆفەرم بۆ هاتووە، بەڵام دوای جامی نەتەوەکان بیری لێدەکەمەوە.

بەڵام ئەرکی یانەی سێپاهان بۆ گواستنەوەی عەلی ئاسان نییە و ناچارن لەگەڵ چەند یانەیەکی کەنداو و چەند یانەیەکی ئەوروپی کێبڕکێی بەدەستهێنانی ئەستێرە لاوەکەی عێراق بکەن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button