ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئایا چاڤی کێشەی سەرەکی بارسێلۆنایە؟ گواردیۆلا چارەسەری دەکات؟

خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ شێوازی یاریکردن و کێشەکانی چاڤی لە بارسێلۆنا

یاریگا و ئاتلێیک –

پێناچێت چوونە دەرەوەی چاڤی لە بارسێلۆنا، تەواوی کێشەکانی بارسێلۆنا چارەسەر بکات، چونکە کێشەکان تەنیا پەیوەندییان بە لایەنی هونەرییەوە نییە.

بەر لە جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵ، چاڤی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو ”ئێمە بارسێلۆنای ساڵی 2010 نین، هەمان کوالێتی پێکهاتەکەی 2010-مان نییە، لەبیری بکەن، تەنانەت توانا کەسییەکانیش هاوشێوەی ئەوکات نین”.

لە ناوەڕاستی ئەم وەرزە ئەوە روونبووەوە، چاڤی، کە بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی بارسێلۆنا هەژمار دەکرێت، ناتوانێت جادووی جارانی یانەکە بگەڕێنێتەوە و هۆکارەکان روون، کاریگەری یانەکە وەک جاران نەماوە و بەهۆی ناڕێکی لە بەڕێوەبەردنی یانە و سزاکانی دارایی، چاڤی نەیتوانیوە گۆڕانکاری بنچینەیی لە یانەکە بکات.

شەممەی رابردوو، چاڤی لە دوای دۆڕانە گەورەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ڤیاڕیال، بڕیاری وازهێنانی لە کۆتایی وەرز لە پۆستی راهێنەرایەتی یانە کاتالۆنییەکەدا. بەشێکی زۆری هاندەرانی بارسا بەم بڕیارە دڵخۆشن، بەڵام ئایا چاڤی کێشەی سەرەکی بارسایە؟ راستییەکە رەنگە پێچەوانە بێت، چونکە چاڤی ئەوەی لە توانادا بوو کردوویەتی، سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی یانەکە پێیدا تێپەڕیوە. جگە لە رەخنەی بەردەوام کە ئاراستەی دەکرا، کەچی چاڤی توانی باشترینی ئەم بارسایە پێشکەش بکات.

گرنگترین ئەرکی راهێنەر بریتییە، لە دەستەبژێرکردنی باشترینەکان، بۆ ئەوەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری بکەن، ئەمە بە سەیرکردنی بودجە و تواناکانی دارایی یانەکە. ئەمە هەرگیز بابەتێکی ئاسان نەبوو و چاڤی وەک ئەوەی یانەکە هی خۆی بێت، داکۆکی لە زۆر بابەت کردووە. وەرزی رابردوو رەخنەیەکی زۆر لە چاڤی دەگیرا، بەوەی زۆر پشت بە سێرجیۆ بوسکێتس دەبەستێت، بەڵام بینیمان لەم وەرزەدا بەبێ بوسکێتس، چاڤی چی بەسەر هاتووە. بارسای بێ بوسکێتس کەلێنێکی گەورەی لە ناوەڕاست دروستکردووە.

لەم وەرزەدا، چاڤی زۆر هەوڵی بۆ تێهێڵکێشکردنی ئۆریۆل رۆمیۆ لە هێڵی ناوەڕاستدا، بەڵام بێهیوا بوو، چونکە یاریزانەکە نەیتوانی خۆی وەک ناوەڕاستکارێکی بەرگری بسەلمێنێت.

کاتێک دەستەی کارگێڕی بارسا گرێبەستیان لەگەڵ جواو فێلیکس واژۆ بەبێ رەزامەندی چاڤی واژۆ کرد، راهێنەرەکە سەرباری ئەمەش، هەموو هەوڵێکیدا، تاوەکو خۆی لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا فێلیکس ئەو ئاستەی پێشکەش نەکرد، بگرە ئامارەکانی فێران تۆرێس لە فێلیکس باشترن.

چاڤی
چاڤی هێرناندێز و جواو فێلیکس لەگەڵ بارسێلۆنا

لەم وەرزەدا، رەخنەی گەورە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەگیرێت، چونکە نەیتوانی سەرکردایەتی پێکهاتەکەی بکات و لە ساتە سەختەکاندا ونە. بۆیە چاڤی وەک ئەوەی شێفی خواردن بێت، تەنیا خەریکی رێکخستنەوەی خوانی ئێوارە بووە، خواردنی زیادەی فڕێداوە و ئەوەی دیکەشی بەسەر یاریزانان دابەش کردووە.

لە دوای دەستنیشانکردنی پێکهاتە، ئەرکی سەرەکی راهێنەر دەبێتە، دانانی یاریزانان لە باشترین شوێنی یاریگا، چونکە دیدگای چاڤی لەگەڵ ئەو یاریزانانەی پێش پەیوەندیان بە بارسێلۆناوە کردووە، رەنگە هەندێک جیاواز بێت.

راهێنەرانی پێشووی بارسێلۆنا، فرێنکی دی یۆنگ-یان لە شوێنی ناوەڕاستکاری هێرشبەر یاری پێدەکرد، بەڵام ئێستا چاڤی لە شوێنی سێرجیۆ بوسکێتس یاری پێدەکات، کە ئەمە شوێنی رەسەنی خۆیەتی لەوەتەی یاری بۆ ئەیاکس و هەڵبژاردەی هۆڵەنداش کردووە. ئەرکی دی یۆنگ وەرگرتنی تۆپی قووڵ و جووڵەی خێرایە، لە ژێر قاچەکانی دی یۆنگ، پڕۆسەی هێرشبردن دەستپێدەکات. چاڤی توانی هاوکێشەیەکی پتەو لە نێوان دی یۆنگ و ئیلکای گوندۆگان دروست بکات، چونکە هەردووکیان خەسڵەتی جیاوازیان هەیە و توانیان بە باشترین شێوە یەکتر تەواو بکەن.

رۆناڵد کومان، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، بە شێوازێکی جیاواز دی یۆنگی بەکاردەهێنا، لە قوڵایی شێوازی 4-2-3-1 یاری پێدەکرد، بەڵام چاڤی هات، هەموو شێوازەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تۆپی زیاتر گۆڕی، چاڤی بۆ هێشتنەوەی تۆپ بۆ زۆرترین ماوە، پەنای بۆ شێوازی یاریکردنی 3-4-3 برد و دی یۆنگ ئەرکی پێکبەستنەوەی بەرگری و باڵەکان دەگێڕێت.

چاڤی گۆڕانکاری زۆری لە شێوازی یاریکردنی بارسادا کردووە، رەنگە زۆربەی هەوادارانی بلوگرانا درکیان پێنەکردبێت، بەڵام شێوازێکی نوێی بۆ هێنانە پێشەوەی بەرگریکاری هێرشبەری وەک ئالێخاندرۆ بالدێی دروستکرد، هەرچەندە بەرگریکار بوو، بەڵام لە زۆربەی هێرشەکاندا بەدەردەکەوت و شوێنگۆڕینێکی خێرامان لە هێڵی ناوەڕاست و باڵەکان دەبینی. ئەمەش بۆشایی زیاتری بە یاریزانی وەک پێدری و گاڤی دەدا.

شێوازی یاریکردنی بارسا لە سەردەمی چاڤی گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام پێکانەکانمان بیر نەچێت، رەنگە رێگربووبن لەبەردەم جێبەجێکردنی زۆربەی تەکتیکەکانی چاڤی.

پێدری کە بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی پێکهاتەکەی چاڤی دادەندرێت، بەشداری لە نیوە یارییەکانی ئەم وەرزە نەکردووە و پێکان رێگر بووە. لەم وەرزەدا پێدری، گاڤی و دی یۆنگ تەنیا لە یەک یاریدا بەیەکەوە یارییان کردووە، ئەمەش گورزێکی گەورە بووە بۆ تەکتیکی چاڤی.

چاڤی
چاڤی هێرناندێز لە سەنتەری مەشقی راهێنانەکانی بارسێلۆنا

پشتبەستن بە باڵەکان، کلیلێکی سەرەکین لە تۆپی پێی ئەم سەردەمە، دەبینین لە مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ و لیڤەرپوول باڵەکان چ رۆڵێکی گەورەیان هەیە. بۆ ئەوەی سەرکەوتووبیت، پێویستیت بە یاریزانی باڵی خێرای خاوەن توانای تاکەکەسی هەیە. کەچی چاڤی قەیرانێکی گەورەی لەم رووە هەبووە. عوسمان دێمبێلێ، کە بە دڵخوازترین یاریزانی چاڤی دادەندرا، لە هاوینی رابردوودا پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد. رافینیا یەکێکی دیکەیە لە یاریزانە ئاست بەرزەکان و چەندین ئەسیست و گۆڵی لە نێو هێڵی سزادا کردووە، کەچی بە هۆی پێکان نیوەی خولەکەکانی ئەم وەرزە، بەشداریکردووە. بۆیە سەرنجی تەواوی چاڤی لەسەر لامین یامال، ئەستێرەی لاوی 16 ساڵان بووە، کە بە قووڵایی نێو بەرگریکاران و باڵەکان یاری دەکات، بەڵام بە تەنیا نەیتوانیوە گۆڕانکاری گەورە و هەستپێکراو بکات.

بێینەوە سەر کێشەیەکی دیکەی تەکتیکی چاڤی، ئەویش یاریزانی ناوەڕاستکاری بەرگرییە، لە بازاڕی مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا، چاڤی زۆر داوای گواستنەوەی مارتن زوبیمێندی، یاریزانی ریال سۆسیدادی کرد، بەڵام کارگێڕی بارسێلۆنا، نەیتوانی جگە لە رۆمیۆ، هیچ یاریانێکی دیکەی بۆ ئامادە بکات. بۆیە لە سەرەتای وەرز تووشی کێشەی زۆر بووەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هاوکێشەی نێوان دی یۆنگ و گوندۆگان سەریگرت و بەشێکی زۆری کێشەکانی چارەسەر کرد. بەڵام کەلێنی لە بەشی دیکەی یاریگادا دروستکرد.

مارک ئاندرێ تیر شتیگن تووشی پێکان بوو و ئێستا ئینکا پێنای شێواو شوێنی گرتووەتەوە، بەڕێژەیی هەر یارییەک دوو گۆڵی لێدەکرێت. گاڤی تووشی پێکان بوو و فێرمین لۆپێز شوێنیگرتووەتەوە. بالدێ تووشی پێکان بووە، هێکتۆر فۆرت، یاریزانی 17 ساڵان شوێنیگرتووەتەوە، ئاندرێ کریستیێنسن، تووشی پێکان بووە، پاو کوبارسی، یاریزانی 16 ساڵان بووەتە شوێنگرەوەی. ئایا ئەمانە هەمووی کێشە نین؟ چاڤی چی بکات؟

بارسێلۆنا بەڕێژەی 23%ی کاتی یارییەکانی بە یاریزانانی ژێر 21 ساڵان داوە، لە ریزبەندی سێیەمی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا دێت.

سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، بارسای چاڤی توانی تۆپی پێیەکی جوان پێشکەش بکات، رەنگە زۆر سەرنجڕاکێش نەبووبێت، بەڵام ئەوەی لە توانای پێکهاتەکەیدا بووە، پێشکەشی کردووە.

چاڤی
چاڤی هێرناندێز لە ساتی بردنەوەی نازناوی لالیگا – 2023

یەکێک لە کێشەکانی دیکە کە لە کۆنتڕۆڵی راهێنەردا نییە، یاریزانێکی وەک لیڤاندۆڤسکی، بیری چووەتەوە چۆن گۆڵ بکات، یاخود پێنای گۆڵپارێز نازانێت تۆپێک بگەڕێنێتەوە، چاڤی چی بکات؟

ئەگەر بارسێلۆنایەکی بێ قەیرانی دارایی، کێشەی کەمی یاریزان و زۆری پێکان ئامادە بووایە، ئایا ئێستا هەمووان داوای سەری چاڤیان دەکرد؟ هەرچەندە تەنیا پێشبینین، بەڵام بە پشتبەستن بە ژمارەکان، بەڕێژەیەکی زۆر بارسایەکی جیاوازمان دەبینی.

دارایی خراپ، گرێبەستی خراپ، پێکانی زۆر و بێبەختی؛ بەشێکن لە کێشەکانی ئێستای بارسێلۆنا کە بە رۆیشتنی چاڤیش چارەسەر نابن، بەڵکو زۆربەی کێشەکان لە کۆنتڕۆڵی راهێنەردا نەبوون. هەر هاندەرێک خەون بە زیندووکردنەوەی شێوازی یاریکردنی ساڵانی 2008 و بە دواوە دەکات، ئەوا ئەرکەکە بەمشێوەیە ئاسان نییە، لە سەرووی هەموویەوە، لیۆنێل مێسی و ئاندرێس ئینیێستاتان نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button