ئیسپانیا

ئەستێرەکەی بارسێلۆنا تووشی پێکان بوو

یاریگا –

ئەلیخاندرۆ باڵدێ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لە گێمی یەکەمی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو تووشی پێکان بوو تەنانەت بە گریانەوە یاریگای بەجێهێشت.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی نالەباری ئێستای چاڤی هێرناندێز لە بارسێلۆنا پێکانی یاریزانە سەرەکییەکان بووە. لە چاوپێکەوتنەکانیدا چەندین جار باسی لەوە کردووە و ئیدارەی یانەکەش ئەم بابەتەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەستێرەیەکی گرنگی تری تیپەکەی چاڤی لە یاری ئەمشەوی بارسێلۆنا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا تووشی پێکان بوو.

ئەلیخاندرۆ باڵدێ، بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا لا پێکهاتەی سەرەکیدا ئامادە بوو و لە خولەکی 23دا لەناکاو لەکاتی راکردن یاریزانی ئاتێتیک بلباو قاچی گرت و باڵدێ کەوتە سەر زەوی. ستافی پزیشکی بەخێرایی چوونە ناو یاریگا و پشکنینیان بۆ کرد.

لە بارودۆخی سەرەتایی ئەم یاریزانە پێشبینی کرا کە پێکانەکەی سەختە و بە دڵنیاییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت لە یاریکردن.  دوای چەند ساتێک ئەستێرەکەی بارسێلۆنا بە گریانەوە یاریگای بەجێهێشت. دوای ئەم رووداوە هاندەرانی بارسێلۆنا هەستانە سەرپێیەکانیان و  بە چەپڵەکانیان بەڕێان کردە ژووری خۆگۆڕین.

بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان پێکانەکەی باڵدێ لە ماسولکەکانی رانییەتی و لە پێشبینییە سەرەتاییەکاندا بارودۆخی باش دەرناکەوێت. ماوەتەوە بزانین یانەی بارسێلۆنا لەبارەی رەوشی یاریزانەکە چ زانیارییەکی نوێ بڵاو دەکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button