جامی ئاسیا 2023سعودیەگرنگترین

سێ یاریزانی سعودیە رەتیانکردەوە یاری بۆ هەڵبژاردەكه‌ بکەن

مانچینی؛ خۆیان بڕیاریاندا یاری نەکەن، نەک من

یاریگا-
رۆبێرتۆ مانچینی ئیتاڵی راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە هه‌والێكی سه‌رسورهێنه‌ری ئاشكراكرد كاتێك رایگه‌یاند، سێ یاریزان ئامادە نەبوون لەگەڵ سعودیه‌ بەشداری جامی نەتەوەکانی ئاسیا 2023 بکەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ پرسیاری هۆکاری دوورخستنەوەی سێ یاریزانی هه‌لبژارده‌ی سعودیه‌ی له‌ مانچێنی راهێنه‌ر كرا له‌ وەڵامدا گوتی، ئەم یاریزانانەن خۆیان بڕیاریاندا یاری بۆ هەڵبژاردەی سعودیه‌ نەکەن، نەک من.

ئاماژەی بەوەشکرد، سه‌لمان فه‌ره‌ج، لە کەمپی یەکەم، پێی وتم کە نایەوێت یاریی دۆستانە بکات، غانميش پێی وتم کە دڵخۆش نییە بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی سعودیه‌ و نه‌واف عه‌قید سێ رۆژ پێش ئێستا چووە لای راهێنەری گۆڵپارێز و گوتی، ئەگەر لە پێکهاتەی سەرەکی یاری نەکات، نایەوێت بمێنێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، غانم و عەقید داوایان کرد وەک یاریزانی سەرەکی یاری بکەن، بەڵام من راهێنەرم و بڕیاردەرم، دوو سێ جار پرسیارمان لەو سێ یاریزانە کرد کە ئایا ده‌یانه‌وێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەكه‌ بكه‌ن، وەڵامەکەشیان (نەخێر) بوو.

راهێنەری پێشووی ئازۆری ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەم ده‌رفه‌ت به‌و یاریزانانه‌ بده‌م کە دەیانەوێت نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان بکەن، نامەوێت جارێکی دیکە باسی سه‌لمان و غانم و عەقید بکەمەوە.

سەبارەت بەو هۆکارەی کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە یاریزانەکان ڕەتیبکەنەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بکەن پرسیار لە مانچینی کرا، لە وەڵامدا گوتی، من لە خواستی یاریزانە بە ئەزموونەکان ده‌گه‌م ده‌یانه‌وێت وەک یاریزانی سەرەکی یاری بکەن، بەڵام تێناگەم بۆچی یاریزانێکی گەنج رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی وڵاته‌كه‌ی بکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەمە هەڵبژاردەی وڵاتەکەتە نەک یانەیەکی کۆمەڵایەتی، تۆ لێرە نوێنەرایەتی وڵاتەکەت دەکەیت، پێویستە دڵخۆش بیت، دۆخی عەقید سەیرە، منیش بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا رووبەڕووی دۆخێكی له‌و شێوه‌ دەبمەوە، بەڵام من رێز لە هەموو بۆچوونه‌كان ده‌گرم و یاریزانی دیکەم لە پێكهاته‌كه‌ هەیە، به‌رده‌وام چه‌ند یاریزانێك دەدۆزمه‌وه‌ کە دەیانه‌وێت نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان بکەن.

له‌ كۆتاییدا گوتی، كاتمان نیه‌ بیر له‌ شتی تر بكه‌ینه‌وه‌، تەنها دەبێت بیر لە یارییەکەی عومان بکەینەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button