ئینگلتەراڤیدیۆ هەواڵ

بە ڤیدیۆ: یازدە ساڵ بەسەر گۆڵە مێژووییەکەی ئەگوێرۆ تێپەڕی

یاریگا –

ئەمڕۆ یازدە ساڵ بەسەر گۆڵە مێژووییەکەی ئەگوێرۆ تێپەڕی، کە مانچێستەر سیتی کرد بە پاڵەوان.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ و لە ساڵی 2012 یانەی مانچێستەر سیتی لە کۆتا گەڕی پرێمەرلیگ میوانداری یانەی گوینز پارک رینجەرزی کرد، کە لەو یارییە یەکێک لە مەزنترین رووداوەکانی لە مێژووی خولەکەدا روویدا.

بەر لەم یارییە مانچێستەر سیتی بە کۆکردنەوەی 86 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ پێشەنگی خولەکەی گرتبوو لە پێش مانچێستەر یونایتدی رکابەری، دەبوو لە کۆتا گەڕی خولەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت تا ببێت بە پاڵەوان.

لە سەرەتادا رووداوەکان بە دڵی سیتیزن بوون بەهۆی ئەوەی لە خولەکی 39 پابلۆ زابالێتە گۆڵی پێشکەوتنی تیپەکەی کرد، بەڵام دواتر لە خولەکەکانی 48 و 66 کوینز لە رێگەی سیسێ و جەیمس میکی دوو جار تۆڕی گۆڵی مان سیتی هەژاند.

یارییەکە تا دوا ساتەکان بەم ئەنجامە بەردەوامبوو، ناوبژیوان 5 خولەک کاتی زیادکراوی بۆ یارییەکە راگەیاند، تیپەکەی رۆبەرتۆ مانچینی لەم کاتە کەمەدا پێویستی بە 2 گۆڵ بوو بەو پێیەی مانچێستەر یونایتدی رکابەری لە هەمان کاتدا بە گۆڵێکی واین رۆنی لە پێش سەندەرلاند بوو.

بەڵام ئەو پەڕجووەی چاوەڕوان نەدەکرا روویدا، سیتیزن لە خولەکی 90+2′ لە رێگەی ئێدین دزیکۆ گۆڵی یەکسانی کرد، دوو خولەک پاش ئەو گۆڵە و لە خولەکی 90+4′ سێرخیۆ ئەگوێرۆ گۆڵی سێیەم و بردنەوەی نازناوەکەی کرد.

ئەو یارییەش بۆ هەمیشە وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی مێژووی تۆپی پێ و پرێمەرلیگ سەریردەکرێت.

بە ڤیدیۆ بینەری کورتکراوەی یارییەکەبن:

بابەتی زیاتر

Back to top button