جامی ئاسیا 2023راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

لە دۆزەخی شەڕەوە بۆ جامی ئاسیای 2023؛ حەمادی سەرکردایەتی خەونی عێراقییەکان دەکات

لەدایکبووی میسانە و ئێستا لە یانەیەکی ئینگلیزی یاری دەکات

یاریگا –

لە سەرەتای چەرخی نوێی زایینیدا، تۆپی پێی عێراق چەندین دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، سەرەڕای شەڕی عێراق لە ساڵی 2003.

هەڵبژاردەی عێراق لە سەختترین دۆخی عێراق لە سەردەمی نوێدا، لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بووە پاڵەوانی جامی ئاسیا، دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی سعوودیەی بردەوە.

جارێکی دیکە عێراق دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە قەتەڕ بەشداری جامی ئاسیای 2023 دەکات.

لەدایکبوونی حەمادی

بەر لە دەستپێکردنی شەڕی عێراق بە ساڵێک، حەمادی لە شاری میسانی باشووری عێراق لەدایکبوو، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی ئاوارەی بەریتانیا بوون.

حەمادی تەمەن 21 ساڵان، یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی هەڵبژاردەی عێراق و هیواییەکی زۆریان لەسەر چنیوە.

درەوشانەوەی لە بەریتانیا

حەمادی تەواوی کاروانی وەرزشی خۆی لە ئینگلتەرا بەسەربردووە. کاروانەکەی لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستیپێکرد و یەکەمجار یاری بۆ تیمی لیڤەرپوول سکۆڵ بۆیز کرد، دواتر پەیوەندی یاری بۆ یانەکانی ترانمێر رۆڤەرز و سوانزی سیتی کرد.

لە هاوینی ساڵی 2021 هێرشبەری لاوی عێراق بۆ یەکەمجار گرێبەستێکی پیشەگەری لەگەڵ یانەی وایکۆمب واندێرەرز واژۆ کرد، دواتر بە خواستن یاری بۆ یانەی بڕۆمڵی کرد، ئێستاش لە یانەی ویمبڵدن جێگیر بووە، یەکێکە لە یانەکانی خولی پلەسێییەکانی ئینگلتەرا.

حەمادی لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2023 پەیوەندی بە ویمبڵدنەوە کرد، گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو واژۆ کرد، هەر زوو لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە گونجا و خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی ئادار/مارسی رابردووی بەدەستهێنا. هەروەها دووجار لەلایەن هاندەرانەوە خەڵاتی باشترینی یاریزانی پێدرا.

ئێستا حەمادی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی ویمبڵدن، تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا، 28 یاریدا 16 گۆڵی کردووە و حەوت تۆپی یەکلاکەرەوەی هەبووە.

عێراق بژاردەی یەکەمی حەمادییە

عەلی حەمادی توانای یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەبوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق کرا و لە یەکەم دەرکەوتنیدا، گۆڵی کرد.

لە مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2021، حەمادی کاروانەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەستپێکرد، بۆ یەکەمجار بەشداری لە یاری بەرامبەر هەڵبژاردەی سووریا کرد 1-1. هەروەها بەشداری لە یاری هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026دا کرد.

عەلی حەمادی
عەلی حەمادی لە ساتی گۆڵکردنی لە یاری بەرامبەر ئیندۆنیزیا لە پاڵاوتنی جامی جیهانی 2026 – یاریگای جزع نەخلە، بەسڕە

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی BBC حەمادی دەڵێت

بیرم نایەت لە عێراق ژیابم، بەڵام پەیوەستبوونێکی زۆرم بۆ وڵات و گەلەکەم هەیە. هەوڵدەدەم تۆپی پێی عێراق بخەمە سەر نەخشە. باوکم زیندانی سیاسی بووە، چونکە بەرهەڵستکاری رژێمی سەدام حوسێن بوو.

عێراق لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵەوانیەتیی جامی ئاسیادایە، شانبەشانی هەڵبژاردەکانی ژاپۆن، ئیندۆنیزیا و ڤیێتنام یاری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button