ئه‌ڵمانیائه‌وروپا

نەک تەنها یانەکانی پێنج خولە بەهێزەکە، ئەمشەو لیڤەرکوزن وەک تاکە یانەی نەدۆڕاو لەسەر ئاستی 54 خولی ئەوروپا مایەوە!

یاریگا –

ئەمشەو بەبێ ئەوەی یاریش بکەن، بایەرلیڤەرکوزن ڕیکۆردێکی ناوازەی بۆ نووسرا کاتێک وەک تاکە یانەی ئەوروپا بەبێ شکست مایەوە.

تا پێش ئەمشەو هەفتەی 12ی خولی ماڵتا، یانەی فلۆریانای ئەو وڵاتە هاوشانی لیڤەرکوزن وەک یانەی نەدۆڕاوی ئەم وەرزەی سەرجەم خولە نایابەکانی ئەوروپا مایەوە. بەڵام لەسەر دەستی هامرونی ڕکابەریان شکستیان خوارد و گۆڕەپانی نەبەزیوەکانیان چۆڵ کرد.

بەوەش یانەکەی چابی ئەلۆنسۆ نەک تەنها لەسەر ئاستی یانەکانی پێنج خولە بەهێزەکە، بەڵکو وەک تاکە نەدۆڕاو مایەوە لەسەر ئاستی سەرجەم 54 خولەکەی ژێر سەرپەرشتی یوفا لە سەرجەم پاڵەوانێتیە فەرمییەکانی ئەم وەرزە.

یانە ئەڵمانییەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو ڕاهێنەرە ئیسپانیە وەرزێکی ئەفسووناویی بەڕێ دەکەن. لە بۆندسلیگا دوای 16 هەفتە بەبێ شکست یەکەمی ڕیزبەندیین. لە یۆرۆپا لیگ هەر شەش یارییەکەیان بردەوە و گەشتوونەتە قۆناغی دواتر. لە جامی ئەڵمانیاش تاڵاوی شکستیان نەکردووە. بە 25 یاریی بێ دۆڕان ڕیکۆردی درێژترین زنجیرەی بێ شکستیان تۆمار کردووە کە پێشتر بە 24 یاریی بەناوی هامبۆرگ بووە لە وەرزی 1982-1983.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button