ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

چێڵسی رێگەیەکی جیاواز بۆ گواستنەوەی ئۆسیمین تاقی دەکاتەوە

بلوز کۆڵ نادات...

یاریگا –

هەوڵەکانی یانەی چێڵسی بۆ گواستنەوەی ئۆسیمین کۆتاییان نەهاتووە و بلوز رێگەیەکی جیاواز دەگرێتە بەر.

ڤیکتۆر ئۆسیمین، دوو هەفتە لەمەوبەر گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی نوێکردەوە، یانە ئیتاڵییەکە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەرزکردەوە بۆ 112 ملیۆن پاوەند.

ماڵپەڕی تیم تۆک بڵاویکردووەتەوە، بەپێی گرێبەستە نوێیەکە، ئۆسیمین دەتوانێت لەم مانگە لەگەڵ یانەیەکی نوێ رێککەوتن ئەنجامبدات و لە هاوینی داهاتووش پەیوەندی پێوە بکات.

گۆڵکارە نایجیرییەکە وەرزی رابردوو هاوکارییەکی گەورەی ناپۆلی لە بەدەستهێنانی نازناوی سێریا ئەی کرد، 26 گۆڵی بۆ تیپەکەی کرد و بوو بە گۆڵکاری وەرزەکە.

ئاستە بەرزەکەی ڤیکتۆر، سەرنجی زۆرینەی یانە گەورەکانی ئەوروپای بەلای خۆیدا راکێشا، چێڵسی لەندەنیش یەکێک بوو لەو یانانەی بەردەوام چاوی لەسەر یاریزانەکە بووە.

بەپێی سەرچاوە بەریتانییەکە، دیدیەر درۆگبا و جۆن ئۆبی میکێڵ ئەستێرەکانی پێشووی یانەی چێڵسی پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ هێرشبەرەکەی ناپۆلی هەیە، هەوڵدەدەن یاریزانەکە رازی بکەن پەیوەندی بە بلوز بکات.

چێڵسی بەڵێنی بە یاریزانەکە داوە ئەگەر پەیوەندی بە ریزەکانیان بکات، دەیخەنە ریزی یەکێک لەو یاریزانانەی پرێمەرلیگ کە زۆرترین مووچەی پێدەدرێت.

ئۆسیمین لە هاوینی 2020 بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ لە لیلی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە ناپۆلی کرد، بە درێسی یانە ئیتاڵییەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 119 یاری کردووە، 67 گۆڵی کردووە و 17 گۆڵیشی درووستکردووە. نازناوێکی سێریا ئەیشی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button