ئیتاڵیا

بە هۆی لابردنی یاسایەک کە بە “یاساکەی بێکهام” ناسراوە، یانەکانی ئیتاڵیا وێران دەبن!

یاریگا –

لابردنی یاسایەک لەلایەن حکومەتی ئیتاڵیا، مەترسی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە یانەکانی ئەو وڵاتە دووچاری وێرانەبوون و داڕووخان ببنەوە.

بابەتەکە ورد و فرە ڕەهەند و چیرۆکە و، وروژاندنی لە ئێستادا پەیوەندی بە شکستهێنانی پەیوەندیکردنی بێن گۆدرفرەی ئەستێرەی ئیڤەرتنەوە هەیە بە یانەی ئەیسی میلانەوە.

گۆدفرەی لەگەڵ ئیڤەرتن                    

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە کە هەوڵەکانی ئەیسی میلان و هیواکانیان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانەی دڵی بەرگری ئەوەش بەهۆی پابەندبوونی بە یاسای Crescita Decree کە پێشتر بوونی هەبوو، بەڵام حکومەتی ئیتاڵیا هەڵیوەشاندووەتەوە.

یاساکە نەرمییەکی باشی تێدا بوو بۆ یاریزانە بیانیە خاوەن داهات زۆرانەی ڕوویان  دەکردە خولی وڵاتەکە، بە ڕێژەی 50% داشکاندنی لەو باجانە دەکرد کە دەکەوتنە ئەستۆی لە ماوەی مانەوەی لە ئیتاڵیا.

 

      یاساکە چ پەیوەندییەکی بە دەیڤد بێکهامەوە هەیە؟

ئەگەرچی زاراوەکە لە بنەڕەتدا وەک Crescita Decree دەقی گرتووە، بەڵام لە میدیا و شەقامی وەرزشی پتر بە “یاساکەی بێکهام” ناوزەد بووە. ئەوەش دوای ئەو چیرۆکەی کە ئەفسانە ئینگلیزیەکە لە ساڵی 2003 وەک یاریزانێکی ئێجگار بەناوبانگ ڕووی کردە ڕیاڵ مەدرید. یاساکە بەرکار بوو بۆ هەر یاریزانێکی بیانی خاوەن داهات بەرز، بۆ ماوەی شەش ساڵی یاریکردنی لە ئیسپانیا تەنها 24% باجی داهاتەکانی لێ وەردەگیرا. بەوەش کارئاسانییەکی باش بوو بۆ ئەستێرەکانیتر بەبێ ترس بتوانن گرێبەست لەگەڵ یانەکانی ئیسپانیادا بکەن. یەکەمین یاریزانی بەناوبانگیش سوودی لێ بینی، بێکهام بوو.

ئەو یاسایەی یانەکانی ئیتاڵیایش کەڵکیان لێ وەرگرت، بەڵام چیتر کاری پی ناکرێت و، گۆدفرەی یەکەمین و دواهەمین قوربانی نابێت کە بەو هۆیەوە پلانی پەیوەندیکردنی بە یانە ئیتاڵیەکانەوە شکت بهێنێت.

 

کاردانەوەکان لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی یاساکە

لای خۆیەوە کلاودیۆ لۆتیتۆی سەرۆکی یانەی لازیۆ نیگەرانی قووڵی پیشانداوە و، وتی: “حکومەتی ئیتاڵیا لە کۆتاییدا بە هەڵەکەی خۆیان دەزانن. لە بابەتێکی وادا ئەوانیش پارەیان دەست ناکەوێت. ئەگەر سەرنجی بیانیەک ڕابکێشێت کە لە ئیتاڵیا باج بدات، باشترە لەوەی نەیەت و هیچ باجێکیش نەدات. بەمە خولەکەیشمان ڕۆحیەتی کێبڕکێکاریی لە دەست دەدات.”

ناوبراو هۆشداریی توندیشی دا و وتی: “هەندێک لە یانەکان بەم هۆیە وێران دەبن، لە نێوشیاندا میلان و یوڤی و ڕۆما.”

جیۆرجیۆ فورلانی، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەیسی میلانیش هەمان مەترسی سەرۆکەکەی لازیۆی هەیە و وتی

لەکارخستنی یاسای Crescita Decree وێرانبوون و داڕوخانی تۆپی پێی ئیتاڵیای لێدەکەوێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button