فه‌ره‌نساگرنگترین

لەسەر پۆستێکی پەیوەندیدار بە شەڕی غەزە؛ سزای هەشت مانگ زیندانی بۆ یاریزانێک دەرچوو

عەتال پۆستێکی لە تویتەر ریپۆست کردبووەوە و دواتر سڕییەوە

یاریگا –

بە هۆی پۆستێکی لەبارەی شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، یاریزانێکی نێودەوڵەتی جەزائیری سزادرا.

یوسف عەتال، یاریزانی نیسی فەرەنسی بەبڕی 45 هەزار یۆرۆ و سزای زیندانی هەشت مانگ بە هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

دادگایەکی فەرەنسی سزاکەی دەرکردووە و روونیکردووەتەوە، پۆستەکەی عەتال بووەتە هۆی تووڕەکردن و زیادکردنی رقلێبوونەوە لەسەر بنەمای ئایینی.

عەتال لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە نیسەوە کرد و لە مانگی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردووەوە لەلایەن یانەکەی سڕکراوە، دوای پۆستێکی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هەرچەندە عەتال پۆستەکەی سڕیوەتەوەش.

لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو، کاتێک چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر چەند شار و گوندێکی بەرگی غەزە، عەتال ڤیدیۆییەکی 35 چرکەیی ئیمامێکی فەڵەستینی ریپۆست (ریتویت) کردەوە، کە تیایدا ئیمامەکە دەیگوت ‘خودا رۆژی رەشی بۆ جووەکان ناردووە’.

دوای پۆستەکە، عەتال لە پۆستێکی ئینستاگرامدا داوای لێبوردنی کرد و پۆستەکەی سڕییەوە و نووسی

دەزانم پۆستەکەم زۆربەی خەڵکی شۆک کرد، کە ئەمەش نیازی من نەبووە. بۆیە داوای لێبوردن دەکەم.

حەماس لە هێرشەکەدا نزیکەی 1200 ئیسرائیلی کوشت و یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە مێژوودا، دواتر سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی زەمینی و ئاسمانی لە کەرتی غەزە دەستپێکرد و بە گوێرەی داتای وەزارەتی تەندروستی لە غەزە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 22 هەزار کەس لە غەزە کوژراون.

سزای زیندانی بە هەڵپەسێردراوی لە کاتێکدا دەردەچێت، کە سزای تۆمەتبارەکە لە ساڵێک یان کەمتر بێت. سزای زیندانی بە هەڵپەسێردراوی تۆمەتەکە لەسەر تۆمەتبار هەڵناگرێت، بەڵام دادگا چەند لایەنێکی تۆمەتبارەکە لەبەرچاو دەگرێت و نایخاتە زیندانەوە، بەڵام ئەم بڕیارە بێتاوانی ناگەیەنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button