ئیسپانیاگرنگترین

ئانچێلۆتی: سه‌یر نیه‌ بێڵینگهام گۆڵی نه‌كردووه‌

یارییه‌كه‌مان بەرامبەر مایۆركا زۆر رێکخراو قورس بوو

یاریگا-

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید دڵخۆشی خۆی به‌ بردنه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر مایۆركا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی زۆر رێكخراو یاریمان كرد.

کارلۆ ئانچیلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری یانەی ڕیال مەدرید بۆ رۆژنامه‌ی ماركا رایگه‌یاند، لەم ماوەیەدا گۆڵی زۆرمان به‌ لێدانی سه‌ر تۆمارکردووە، ئەمەش بۆ ئێمە وەک ستافی تەکنیکی گرنگە، یارییه‌كه‌مان بەرامبەر یانه‌یه‌كی زۆر رێکخراو قورس بوو، ئه‌مه‌ باشترین دەرکەوتنی ئێمە نەبوو.

سەبارەت بە رودیگەر گوتی، چاوەڕوانی ئەم گۆڵەم لێی دەکرد، یاریزانێکی زۆر باشە و تەرکیزێکی زۆری هەیە.

سەبارەت بە بەشداریکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی بە تەواوی لە پێکانەکە چاکبووەوە، رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەشداری بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سەیر نییە بێلینگهام گۆڵی تۆمار نەکرد، هەروەها دەبێت کار بکات، هەمووان کەمێک چالاکییان كه‌مبوو.

سەبارەت بە بەهێزی بەرگری تیپەکە کە تا ئێستا تەنها 11 گۆڵی لێکراوە، روونیکردەوە، ئەمە دڵخۆشم دەکات، بەو پێیەی ئەو کێشەیەمان چارەسەر کرد کە لە سەرەتاوە بەدەستیەوە ده‌مناڵاند، بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدیش تێگەیشتم کە لاواز بووین لە بەرگریدا.

سەبارەت بە گولەر، راهێنەری ڕیال مەدرید ئاماژەی بەوەدا، دەبێت ئارام بێتەوە، یاریزانێکی گەنجە، تەمەنی 18 ساڵە، دەبێت پشووی هەبێت.

له‌سه‌ر ركابه‌ری لالیگاش گوتی، رکابەری بۆ لالیگا کراوەیە، جیرۆناش ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش كرد، ركابه‌ریه‌كه‌ زۆر قورسه‌.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button