یاریگا –
بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی وەبەرهێنەرێک دەگرێتەبەر.
لیبێرۆ، سندووقێکی وەبەرهێنەرەری ئەڵمانییە، لە ماوەی رابردوودا بەڕێژەی 9.8% لە پشکەکانی بریدبێرگ ئینڤێستی کڕی، کە کۆمپانیای دایکی بارسا ڤیژنە و بەڵێنی پێدانی 60 ملیۆن یۆرۆی بە بارسێلۆنا دا، سەرەڕای بوونی گرێبەستێکی فەرمی لە نێوان هەردوولایەندا، کەچی تاوەکو ئێستا لیبێرۆ تەنیا 20 ملیۆنی لە کۆی 60 ملیۆن یۆرۆکە داوەتە یانە کاتالۆنییەکە.
پێگەی EFE بڵاویکردووەتەوە، دوا وادەی بارسا بۆ سندووقە ئەڵمانییەکە 31ی مانگی رابردوو بوو، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتووەتە بارسا، بۆیە دەیەوێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
گرێبەستی بارسا و سندووقی لیبێرۆ، یارمەتی یانە کاتالۆنییەکەیدا گرێبەست لەگەڵ جواو فێلیکس و جواو کانسێلۆ بکات. ئێستا خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسا بە دوای وەبەرهێنی دیکە دەگەڕێت، تاوەکو پارەی کاشی یانەکە زیاد بکات.
بارسا ڤیژن پڕۆژەیەکی فراوانی ئۆنڵاینە، بارسێلۆنا دەیەوێت لەڕێگەی دروستکردنی دەنگ و رەنگی دیجیتاڵی، هاندەران بە شێوازی جیاواز بەیەک ببەستێتەوە و قازانج بکات.
پشووی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵ تەواوبوون، بارسێلۆنا پێنجشەممە رووبەڕووی لاس پاڵماس دەبێتەوە.