ئیسپانیاگرنگترین

ئەنچیلۆتی بە پێنج یاریزانی نوێوە بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا دەچێتە سعوودیە

یاریگا –

ئەنچیلۆتی پێش ئەوەی بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا بچێتە سعوودیە، توانای پێنج یاریزانی نوێی بۆ دەگەڕێتەوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید گەشبینە بەوەی پێش ئەوەی بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا گەشتی سعوودیە بکەن، توانای پێنج یاریزانی پێکراوی بۆ بگەڕێتەوە، کە وەکو پێنج گرێبەستی زستانە وایە بۆ مێرێنگی.

مارکا ئاشکرایکردووە، ئێدواردۆ کاماڤینگا، فێرلاند مێندی، دانی کارڤاخال، ئاردا گولەر و ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە پێکانەکانیان چاک دەبنەوە و بۆ یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا کە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو دەکرێت، بەردەست دەبن کە وەکو ئەوە وایە ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان پێنج یاریزانی نوێی بردبێتە ریزەکانی.

پێکانی ئیدێر میلیتاو و داڤید ئالابا بەرپرسانی یانە مەدریدییەکەی ناچار کردووە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بەرگریکارێکی نوێ بگوازنەوە، کە هەردووکیان بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیان دابڕاون، ئالابا تا کۆتایی وەرز ناگەڕێتەوە و میلیتاویش تا مانگی مارس یان ئەپرێل ناتوانێت پێ لە تۆپ بداتەوە.

ئەنچیلۆتی گەشبینە بەوەی لە نیوەی دووەمی ئەم وەرزە بە گەڕانەوەی یاریزانە پێکراوەکانی، بتوانێت لە یەکلاکردنەوەی نازناوەکان یارمەتی بدەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button