ئه‌وروپائینگلتەراگرنگترین

ساوسگەیت خەون بە راهێنەرایەتیكردنی یانەیەكی پرێمەرلیگەوە دەبینێت

یاریگا –

گارێس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئاشكرایكرد دوای كۆتاییهاتنی ماوەی راهێنەرایەتیكردنی ئینگلتەرا هەوڵدەدات پۆستی راهێنەرایەتیكردنی یەكێك لە شەش یانە گەورەكەی ئینگلتەرا وەربگرێت.

ساوسگەیتی 53 ساڵان لە ساڵی 2016 پۆستی راهێنەرایەتیكردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای وەرگرتووە.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی دەیڵی مەیڵ لە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكانی یۆرۆی 2024 كە وا بڕیارە لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت، ساوسگەیت وازهێنانی خۆی لە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی ئینگلتەرا رادەگەیەنێت.

ساوسگەیت تیپەكەی گەیاندە یاری كۆتایی لە یۆرۆی 2020 بەڵام لە یاری كۆتاییدا بەرامبەر ئیتاڵیا تووشی شكست هاتن.

رۆژنامەی دەیڵی مەیڵ لە زاری ساوسگەیتەوە بڵاویکردەوە: لە تۆپی پێدا هیچ كارێك نیە كە بتترسێنێت، دوای ئەوەی لەم پێگەیەدا ژیام، هیچ پێگەیەكی باڵاتر نابێت و هیچ فشارێكی گەورەترت لەسەر نابێت.

هەریەك لە ئێریك تێن هاخ و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ فشارێكی زۆریان لەسەرە بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیەوە، كە بە دوای راهێنەرێكی نوێدا دەگەڕێن لە ساڵی داهاتوودا.

ساوسگەیت ئاشکرای کرد کە چۆن گفتوگۆکانی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ ئەو بیرکردنەوەیەی بەهێزتر کرد کە توانای راهێنەرایەتیکردنی یانەیەکی گەورەی هەیە.

ساوسگەیت گوتی: بیرمە کاتێك لە مانچێستەر یونایتد بوو لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ قسەم کرد و وتی: دەزانی کاتێك ئەو رۆڵە تەواو دەکەیت کە ئێستا هەتە، دەتوانیت هەموو شتێك بکەیت، پێم وابوو رەنگە ئەوە راست بێت، بەڵام ئێستا دوای حەوت ساڵ، بە دڵنیاییەوە ئەو قسەیە راستە.

ساوسگەیت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە 91 یاریدا راهێنەرایەتی ئەو هەڵبژاردەیەی كردووە و توانیویەتی 59 یاری بباتەوە و لە 17 یاریدا یەكسان بێت و 15 یاریش تووشی دۆڕان بوون.

گاریس ساوسگەیت

لە یارییەكانی یۆرۆی 2024 هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە كۆمەڵەی سێیەم دێت شانبەشانی هەریەك لە هەڵبژاردەكانی سلۆڤینیا، دانیمارك و سڕبیا.

بابەتی زیاتر

Back to top button