ئیسپانیا

ریاڵ مەدرید بیر لە گەڕاندنەوەی ڤاران دەکاتەوە

یاریگا

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، ئەم وەرزە بەهۆی پێکانە زۆرەکانی یاریزانەکانی، تووشی گەورەترین کێشە بە تایبەت لە هێلی بەرگری بووەتەوە، بۆیە یانەکە دەیەوێت زستانی داهاتوو بەرگریکارێک بگوازێتەوە.

نوێترین قوربانی ئەم وەرزەی یانە شاهانەکە، دەیڤید ئالابا بەرگریکاری نەمسایی یانەکەیە، ئەو یاریزانە بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئەستەمە ئەم وەرزە بگەڕێتەوە یاریگاکان، هەر ئەمەش وایکردووە یانەکە ناچار بێت، بیر لە گواستنەوەی شوێنگرەوەکەی بکاتەوە.

یانە شاهانەکە بێجگە لە رۆدیگەر و ناچۆ، هیچ یاریزانێکی دیکەی لە دلی بەرگری بەردەست نیە و لە ئەگەر پێکانی هەر کام لە دوو یاریزانەش، ئەو کاتە یانەکە تووشی گەورەترین کێشە دەبێت و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی، چیدیکە نەتوانن رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکاتەوە.

کریستیان فاڵک رۆژنامەنوسی ئەڵمانی لە رۆژنامەی بیڵد زانیاری دەستکەوتووە، کارگێری یانەی ریاڵ مەدرید، بیر لەوە دەکاتەوە زستانی داهاتوو، رافایل ڤاران بەرگریکاری پێشووی یانەکەی بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرکردایەتی هێلی بەرگری یانەکەیان بکاتەوە.

بەرگریکارە فەرەنسیەکە پێشتر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید یاریکردووە و لەگەڵ ئەو یانەیەش چەندین ناسناوی بەدەستهێنا، دواجار لە ساڵی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ، ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button