ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بارسێلۆنا شوێنگرەوەی گاڤی دیاریکرد

دوو یاریزانی دیار...

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنا شوێنگرەوەی پابلۆ گاڤی ئیسپانی و ئەستێرەی تیپەکەی دیاریکرد.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا هەریەکە لە یاریزانان مارکۆ ڤێراتی و ئادریێن رابیۆی وەک شوێنگرەوی گاڤی دیاری کردووە، هەوڵ دەدات بەخێرایی یەکیان بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.

لە 20ـی نۆڤێمبەر، گاڤی لەکاتی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تووشی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیی بوو، بەهۆی ئەو پێکانە سەختە ئەم وەرزە بۆ یاریزانەکە کۆتایی هات و گورزێکی کوشندە بەر یانەکەی کەوت.

چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانە کاتالۆنییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەی ئالمێریا، بەڕوونی گوتی: هەرچەندە سەختە، بەڵام پێویستمان بە شوێنگرەوەی گاڤی هەیە.

رابیۆی تەمەن 28 ساڵان لە هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێ تا 2024 نوێکردەوە، بەهۆی پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەم وەرزەدا، خانمە پیرەکە هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.

یاریزانە فەڕەنسییەکە لە ساڵی 2019 بە گرێبەستێکی ئازاد لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە یوڤێنتوس کرد، هەرچەندە بارسێلۆناش لەسەر هێڵ بوو بۆ گواستنەوەی، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندییە داراییەکان گرێبەستەکەی یوڤێی قبوڵکرد.

ئادریێن رابیۆ لەگەڵ یوڤێنتوس

هەرچەندە تەنیا شەش مانگ ماوە بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی، بەڵام بەهۆی زۆری مووچەکەی بەدوور دەزاندرێت رابیۆ لەم زستانە پەیوەندی بە بارسێلۆنا بکات.

لەلایەکی دیکە مارکۆ ڤێراتی تەمەن 31 ساڵان کە لە قۆناخی کۆتایی کاروانی وەرزشیدایە و لەم هاوینە پەیوەندی بە یانەی عەرەبی قەتەرییەوە کرد، ئامانجێکی دیکەی بارسایە.

مارکۆ تا هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانە قەتەرییەکە هەیە، بارسا ئارەزوو دەکات بەشێوەی خواستن بۆ شەش مانگ سود لە تواناکانی وەربگرێت، ئەم هەنگاوەش پێویستی بەوەیە بەرپرسانی یانەی عەرەبی رازی بکەن.

مارکۆ ڤێراتی لەگەڵ یانەی عەرەبی قەتەری

ئەگەری پەیوەندیکردنی ڤێراتی بە بارسا زیاترە، چوونکە یاریزانەکە دەرفەتی ئەوەی لە بەردەمدا دەبێت بگەڕێتەوە ئەوروپا بۆ یاریکردن، بە پێچەوانەی رابیۆ کە خۆی لە ئەوروپایە و یانەکەشی ئارەزووی ئەوە ناکات دەستبەرداری ببێت.

ئەستێرە ئیتاڵییەکە لە ساڵی 2017 ئامانجی سەرەکی بارسا بوو، بەڵام بەهۆی پەیوەندیکردنی نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی بە پاریس سانجێرمانەوە، ڤێراتی بیرۆکەی جێهێشتنی یانە فەڕەنسییەکەی لەیادکرد.

بەڵام وا دەردەکەوێت بارسا لە کۆتاییدا خەونەکەی بەدیبهێنێت و ناوبراو بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، تا شوێنێی گاڤی پێ پڕبکاتەوە.

هاوکات مارکۆ وەک گونجاوترین شوێنگرەوەی یاریزانە لاوە ئیسپانییەکە دادەنرێت، خودی گاڤیش لە رابردوودا دانی بەوەدا ناوە کە بە ڤێراتی سەرسامە و هەست دەکات شێوازی یاریکردنیان لەیەکتر نزیکە.

گاڤی و ڤێراتی کە یاری نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا

 

گاڤی و ڤێراتی کە یاری نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا

بابەتی زیاتر

Back to top button