ئه‌وروپائیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

مۆدریچ دوایین رۆژەكانی وەك یاریزانی ریال مەدرید بەسەر دەبات

راپۆرتێكی تایبەت لەسەر بارودۆخی لوكا مۆدریچ...

یاریگا –

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان دواین پێشهاتەكانی داهاتووی لوكا مۆدریچ ئەستێرەی هەڵبژاردەی كرواتیا و ریال مەدرید ئاشكرا كرد.

گرێبەستەكەی لوكا مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2024 بەسەردەچێت.

رۆژنامەی سپۆرت لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد، لوكا مۆدریچ مانگەكانی كۆتایی ژیانی وەك یاریزانی ریال مەدرید بەسەردەبات، لە دوای 12 وەرز لە یانە شاهانەكە رۆیشتنی لە كۆتایی وەرزدا بە ئەگەرێكی گەورە دادەنرێت، چونكە دەبینین گرنگیەكەی لە تیپەكەدا چۆن دابەزیوە.

ئامادەنەبوونی چوامینی و كاماڤینگا لەم دواییانەدا وایكرد مۆدریچ خولەكی زیاتر بەدەستبهێنێت، بە بەراورد بەو خولەكی یاریكردنەی لە سەرەتایی وەرزدا بەدەستیهێنابوو، بەڵام دوای چاكبونەوەی دووانە فەڕەنسییەكە ئەستێرە كرواتیەكە جارێكی دیك دەگەڕێتەوە سەر كورسی یەدەگ.

لە راپۆرتەكەی سپۆرتدا ئەوەش هاتووە، مۆدریچ ئۆفەرێكی چەند ملیۆن دۆلاری لە خولی سعودیەوە هەبوو، بەڵام وویستی بۆ ساڵێكی دیكە لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت، بەڵام یاریزانەكە پێشبینی نەدەكرد رۆڵێكی لاوەكی لەو شێوەیەی هەبێت.

رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتە روو، کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید زۆر هەوڵیداوە بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، بەڵام ئەستەمە یاریزانێك كە خاوەنی باڵۆندۆرە رازی بكەیت، جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا لەدەست بدات، تەنانەت ئەگەر تەمەنی 38 ساڵیش بێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەسەر بنەمای هەموو ئەمانە، كاتەكانی مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید بەرەو كۆتایی دەڕوات، سەردەمێكی زێڕین بوو كە تێیدا پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە.

لە كۆتاییشدا ئەوە هاتووە، یاریزانەکە خۆی درك بەوە دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوێکی دیکە لە ژیانی وەرزشیدا بنێت، بەو پێیەی لە هیچ کام لەو 13 یارییەی کە بەشداری تێدا کردووە 90 خولەکی تەواو یاری نەکردووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا تەنیا دوو یاری تەواوی ئەنجامداوە، بەرامبەر سپۆرتینگ براگا و یونیەن بەرلین.

لوكا مۆدریچ بە درێسی یەكەمی ریال مەدریدەوە

مۆدریچ ئامادەكاری دەكات یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی كرواتیا بەشداری بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button