ئیسپانیا

کۆرتوا هەواڵێکی مارکا بە درۆ دەخاتەوە

تیباوت کۆرتوا رەتیدەکاتەوە بڕیاری ئەوەی دابێت بەشداری یۆرۆی 2024 نەکات.

ئەمڕۆ رۆژنامەی مارکا هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە تیباوت کۆرتوا بڕیاریداوە بەشداری یۆرۆی 2024 نەکات تاوەکو سەرنج بخاتە سەر چاک بوونەوەی تەواوەتی لە پێکانەکەی لەبری ئەوەی سەرکێشی بکات و بەشداری یۆرۆ بکات.

بەگوێرەی ئاڕ ئێم سی سپۆرت، شاندی کۆرتوا بەو رۆژنامەیان راگەیاندووە ئەو هەواڵە هیچ راستییەکی بۆ نیە و کۆرتوا ئەگەر بەر لە یۆرۆ چاک ببێتەوە ئەوا بەشداری دەکات. تەواوی بڕیارەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی قۆناغەکانی چاک بوونەوەی ئەو گۆڵپارێزە تا بەر لە یۆرۆ چۆن دەبێت.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە،کۆرتوا پێی وایە نەیارەکانی لە هەڵبژاردەی بەلجیکا ئەو هەواڵانەیان بڵاوکردووەتەوە و ئەمە بەشێکە لە کێشە ناوخۆییەکانی هەڵبژاردەی بەلجیکا کە لە ئێستادا ناکۆکی تێکەوتووە.

گۆڵپارێزە ناودارەکە لە سەرەتای مانگی هەشتەوە تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بووەوە ئەوە یەکلا بووەتەوە تاوەکو کۆتایی وەرزی یانەکان ناگەڕێتەوە یاریگاکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button